رووداو دیجیتاڵ
ناسنامەی براوەی خەڵاتی باڵۆندۆر بۆ ساڵی 2026 لەوانەیە سوپرایزێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، دوای ئەوەی گۆڕانکاری نوێ لە پێوەرەکانی هەڵبژاردنی خاوەنی خەڵاتەکە بۆ ئەمساڵ دەرکەوتووە، کە دەرگای بۆ لێکدانەوەی جیاواز لە کێبڕکێیەکەدا کردووەتەوە.
ئالبێرت ماسنۆ، رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی SPORT ئاشکرای کردووە کە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی بەربژێرەکان بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر گۆڕاوە و بەپێی 3 توخمی سەرەکی رێکخراون.
ماسنۆ روونیکردەوە کە ئاستی تاکەکەسی و سیفەتی یەکلاکەرەوە و سەرنجڕاکێش لە پلەی یەکەمی پێوەرەکاندان، پاشان ئاستی بەکۆمەڵی تیپەکەی و نازناوەکان لە پلەی دووەمدان، لەکاتێکدا ئاستی رەوشتی و یاریی خاوێنی یاریزان پلەی سێیەمی گرتووە.
ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوە کردووە کە گونجاندنی ئاستی رەوشت و یاریی خاوێن لەنێو پێوەرەکاندایە و لەوانەیە ببێتە هۆکارێکی کاریگەر بۆ جیاکردنەوەی بەربژێرەکان کاتێک کێبڕکێیەکە زۆر نزیک بێت لە یەکدی.
ماسنۆ راشیگەیاند کە پێوەری 'کاروانی وەرزشی تەواوی یاریزانەکە' لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنەکەدا لابراوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێستا سەرنج لەسەر ئەوەیە کە بەربژێرەکە لە ماوەی وەرزەکەدا چی پێشکەش دەکات، نەک سەیرکردنی تەواوی مێژووی وەرزشییەکەی.
روونیشی کردەوە کە ماوەی هەڵسەنگاندنەکە چیدی پشت بە ساڵی زایینی نابەستێت، بەڵکو بەدرێژایی وەرزە وەرزشییەکە دەبێت لە مانگی ئابەوە تاوەکو تەممووز، یارییەکانی یانەکان و هەڵبژاردەکانیش دەگرێتەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە، یارییەکانی مۆندیالی 2026 بەتەواوی دەچنە ناو ماوەی هەڵسەنگاندنی باڵۆندۆر بۆ ئەمساڵ، ئەمەش وادەکات ئاستی یاریزانان لەو پاڵەوانێتییەدا ببێتە بەشێک لە لێکدانەوە کۆتاییەکانی خەڵاتەکە.
ماسنۆ پێیوایە ئەم گۆڕانکارییانە کێبڕکێی باڵۆندۆر بەکراوەیی دەهێڵێتەوە لەبەردەم کۆمەڵێک ئەستێرەدا، کە لە پێشەنگیاندا رۆدری، کیلیان ئێمباپێ، لامین یامال، خڤیچا کڤاراتسخێلیا و فێران تۆرێس دێن.
پێشتر عوسمان دێمبێلێ فەرەنسی، هێرشبەری پاریس سانجێرمان، خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵی 2025ـی بردەوە و پێش لامین یامال کەوت، کە پلەی دووەمی بەدەستهێنا، پاشان ڤیتینیا و محەممەد سەڵاح و رافینیا هاتن.
بردنەوەی دێمبێلێ دوای وەرزێکی ناوازە هات لەگەڵ پاریس سانجێرمان، کە تێیدا چەندین نازناوی بەدەستهێنا، گرنگترینیان خولی فەرەنسی و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بوو، کە یانە پاریسییەکە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بەدەستیهێنا.



