رووداو دیجیتال
زیاتر لە مانگێکە هەڵبژاردن بۆ یانەی پیشەسازی ئەنجامدراوە، ئیبراهیم رەمەزان وەک سەرۆکی یانەکە دەرچوو، بەڵام رەخنە و تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بەردەوامە.
رۆژی دووی مانگی ئابی ئەمساڵ لە نێو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش، پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ یانەی پیشەسازی بە ئامادەبوونی 101 ئەندامی دەستەی گشتی یانەکە ئەنجامدرا، نۆ کەس خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بەربژێر کردبوو.
هەریەک لە نیهاد لەتیف قۆجە، کە لە چوار ساڵی رابردوو پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە لای ئەو بوو لەگەڵ ئیبراهیم رەمەزان، کە جاری یەکەمی بوو خۆی بەربژێر بکات، ململانێی کورسی سەرۆکایەتیان کرد، ئیبراهیم رەمەزان توانی گرەوی هەڵبژاردن بەبردنەوەی 70 دەنگ بباتەوە، نیهاد لەتیف قۆجە تەنیا دوو دەنگی پێدرابوو.
دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی نوێی یانەی پیشەسازی دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بووەوە و نیهاد لەتیف قۆجە، سەرۆکی پێشووی یانەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی پێشوو چوونە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش و تانەیان لە هەڵبژاردنەکە دا.
نیهاد لەتیف قۆجە، سەرۆکی پێشووی یانەکە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئیبراهیم رەمەزان، ناتوانێت خۆی بەربژێر بکات بۆ سەرۆکایەتی و ئەو کارەی کردوویەتی دوورە لە رووی یاسایی، لەبەرئەوەی ئەو ئەندامی دەستەی گشتیی یانەی هەولێرە و بەشداریی هەڵبژاردنەکانی یانەکەشی کردووە، تەنانەت دوای هەڵبژاردنی یانەکەمان ئەو یەکسەر ئەو رۆژە چووە داوای دەستلەکارکێشانەوەی لە یانەی هەولێر کردووە، بەڵگەی تەواوم هەیە و بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەم".
بەپێی ئەو یاسا عێراقییەی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشیی کوردستان کاری پێدەکات، هەر کەسێک بیەوێت چالاکی لە یانەیەک نەمێنێت، دەبێت ماوەی شەش مانگ دوور بێت لە چالاکی و کارەکانی یانەکە، تەنانەت پابەندی و ئابوونەش نەدات بە یانەکە، بۆ ئەوەی بتوانێت کارەکان و چالاکییەکانی لە یانەیەکی دیکە بکات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئیبراهیم رەمەزان، سەرۆکی هەڵبژێردراوی یانەی پیشەسازی لەو بارەیەوە بۆ رووداو سپۆرتسی روونکردەوە "زۆر لامان سەیرە تانە لەو هەڵبژاردنە دەگیرێت، بەر لە هەڵبژاردنەکە هەموو ناوەکانی دەستەی گشتی لەگەڵ بەربژێرەکان لەلایەن نیهاد لەتیف قۆجە، سەرۆکی پێشوو واژۆی لەسەر کراوە، تەنانەت لەنێو هۆڵی هەڵبژاردنیش لیژنەکە کە داوایان کرد کەسێک تانەی هەیە، ئەوکات کەس تانە و رەخنەی نەبوو".
زیاتر ئاشکرایکرد "سەرۆکی پێشوو پارەی دوو مانگ و نیوی یاریزانەکانی نەداوە و وەرزشڤانەکانیش بەو گۆڕانکارییە دەیانەوێت کەسێک بێت خزمەتی زیاتریان بکات، ئیبراهیم رەمەزان لە رووی یاساییەوە هیچ کێشەی نییە، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی یانەی هەولێر بەر لە زیاتر لە ساڵێکە کراوە ئەو کشاوەتەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو یانەیە نەماوە ".
دوێنێ دووشەممە سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی کوردستان بە فەرمی پێشوازیی لە ئیبراهیم رەمەزان، سەرۆکی نوێی یانەکە و ئەو پێنج ئەندامەی کە لە هەڵبژاردنەکانی یانەکە دەرچووە کرد و فەرمانی دەستبەکاربوونیان وەک دەستەی نوێی یانەکە بۆ دەرکرد.


