رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، نهێنییەکانی دانوستاندن و کۆبوونەوەی بەرپرسانی بارسێلۆنای لەگەڵ نوێنەرانی ئانتۆنی گۆردۆنی یاریزانی نوێی یانەکەی ئاشکراکردووە و دەڵێ، دیکۆ سەرسەختانە هەوڵیداوە هەمووان بە گواستنەوەکە رازی بکات.
کارکردن بەنهێنی
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی دەڵێ، ماوەیەکی زۆر دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا، کاری لەسەر گواستنەوەکە کردووە، بەڵام زۆر سووربووە لەسەرئەوەی کارەکە تاوەکو کۆتایی، بەنهێنی بمێنێتەوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، هەموو لایەنەکان پابەندی نهێنی پاراستنی کارەکە بوون، چونکە هاوڕابوون لەسەرئەوەی، دزەکردنی هەر هەواڵێک لەسەر گواستنەوەکە، دەکرێ کۆی گواستنەوەکە تێکبدات، بەهۆی هاتنە ناوەوەی یانەکانی دیکەوە.
هەردوو نوێنەری گۆردۆن، ویل سولتهاوس و ئادەم دۆگدێل، لەسەر داوای بارسا بەتەواوی بەنهێنی پاراستنی دۆسێیەکەوە پابەندبوون.
دانوستاندنێکی زوو
رۆژنامەکە دەڵێ، دیکۆ زوو دەستی بەجووڵە کردووە بۆ گواستنەوەکە، لە 21ی مانگی چواردا سەردانی لەندەنی کردووە و لێکۆڵینەوەی لە ژمارەیەک بژاردەی هێرشبەریی بۆ یانەکە کردووە، لە نێویاندا جواو پێدرۆ و گۆردۆن.
'سپۆرت' دەڵێ، بارسا بەتووندی کاریانکردووە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرەکانی گۆردۆن، لەگەڵ دیکۆ، بۆیان کریکیچ و ئەلیخاندرۆ ئیچیڤاریا لە بارسێلۆنا بەهەمان شێوە، بەوپەڕی نهێنی ئەنجام بدرێت.
وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، دوای ئەوە ئیدی ناوی گۆردۆن لە لیستێکی درێژی بەربژێرانی گرێبەستکردن لەلایەن بارسێلۆناوە دەرکەوتووە، ئەوکات هەمووان پێیانوابوو زەحمەتە بارسا توانای دانی 80 ملیۆن یۆرۆی بۆ کڕینی گۆردۆن هەبێت، بەڵام دیکۆ سووربووە لەسەر ئەنجامدانی.
دیکۆ وەک سەرسامێک
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسا زۆر سەرسامبووە بەیاریزانەکە، پێیوابووە ئەو تەنیا لاباڵێکی هێرشبەر نییە، وای بیر لێکردووەتەوە کە ئەو یاریزانە هەروەها دەتوانێت وەک هێرشبەری سەرەڕمیش یاریی بکات، بەتایبەت کە سەرنجیداوە توانای یارییکردنی لە قووڵایی ناوچەی سزا هەیە و دەتوانێت بەباشی رووبەرەکان بقۆزێتەوە.
'سپۆرت' دەڵێ، هێنانی گۆردۆن هەرلەسەرەتاوە هیچ پەیوەندی بە رۆیشتنی رافینیاوە نەبووە، ئەگەرچی چەندین دەستەوارەشی پێگەیشتووە. لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکاندا، دیکۆ سووربووە لەسەر هێشتنەوەی گۆردۆن وەک ئامانجی یەکەم.
پاش یەکلابوونەوەی کارەکە لە نێوان دیکۆ و بەڕێوەبەرانی کاری گۆردۆن، ئینجا دیکۆ ناوی گۆردۆنی خستووەتە بەردەستی هانزی فلیکی راهێنەر و ئەو لای خۆیەوە، پاش لێکۆڵینەوە لە دەستەوارەکە، رەزامەندی داوە و دواتریش راستەوخۆ قسەی لەگەڵ گۆردۆن کردووە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان فلیک و گۆردۆن، رەزامەندیی هەردوولای لەسەر کاری گواستنەوەکە لێکەوتووەتەوە. دواتریش دیکۆ چەندجارێک پەیوەندی بە گۆردۆن و بەڕێوەبەرەکانی کاری یاریزانەکەوە کردووەتەوە و ئیدی هەنگاوی کردەنی بۆ گرێبەستەکە، دەستیپێکردووە.
ساتی یەکلاکەرەوە
رۆژنامەکە دەڵێ، رۆژی 26ی مانگی پێنج، دیکۆ جارێکی دیکە چووەتەوە لەندەن، لەو کاتەدا کە هەموو سەرنجەکان لەسەرئەوەبوون کە بارسا هەوڵی گرێبەستکردن لەگەڵ جواو پێدرۆ دەدات، کە یەکێک بوو لە بژاردەکانی بارسا، دیکۆ ئامانجی سەرەکیی خۆی لە رێکەوتن و کۆتایی هێنان بە گرێبەستی گۆردۆندا چڕکردبووەوە.
بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسا، لەگەڵ سۆلتهاوس و دۆگدێل کۆبوونەوەیەکی دیکەی لەلەندەن ئەنجامدا و دوایین وردەکاریی گرێبەستەکە رێکەوتنی لەسەرکرا. دیکۆ ماوەیەکی بەرچاو لە لەندەن مایەوە و پاش چەند هەفتەیەک لە دانوستاندن، ئینجا گەڕایەوە بارسێلۆنا، پاشئەوەی دڵنیابووەوە لەوەی، دەستەوارەکەی ئەنجامداوە.
ساتی ئاشکراکردن
دوای چەند مانگێک لەو دانوستاندن و گفتوگۆی چڕ، بارسا گرێبەستکردنی لەگەڵ گۆردۆن راگەیاند و ئەوکات، ناوەکە بووە سوپرایز بۆ بەشێکی زۆر لە هاندەرانی یانەکە.
یاریزانە ئینگلیزییەکە، هەرزوو گونجانی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا سەلماند، لە گوشارکردن، دروستکردنی هەل و گۆڵ تۆمارکردن، ئەو هەروەها زۆر بەخێرایی لەگەڵ داواکارییەکانی فلیکدا گونجا و هەرزوو دووپاتیکردەوە کە توانایەکی گەورەی لە پێشاندانی بەهرە و لێهاتوویی هەیە.
بەو شێوەیە، چیرۆکی گرێبەستکردن کە لە 21ی مانگی چواردا دەستیپێکرد، گەیشتە ئەنجام و ئەوەی بۆ دیکۆ گرنگ بوو، پاراستنی نهێنیی تەواوبوو لەبارەی گواستنەوەکەوە، لەگەڵ بەدەستهێنانی یاریزانێکی باش و داهێنەر، بۆ یانەکە.




