رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ڤایێسی گۆڵپارێزی یانەی ریال بێتیس، ئاشکرایکردووە پێشتر لێکۆڵینەوەی لە شێوازی لێدانە سزاکانی کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری ریال مەدرید کردووە و بەچەند قسەیەکیش سەرنجی ئەو یاریزانەی بەر لە لێدانەکە پەرتکردووە.
لە یەکەم شکستی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا بەرامبەر ریال بێتیس بەگۆڵێکی بێبەرامبەر، کیلیان ئێمباپێ لێدانێکی سزای لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا لەدەستدا.
ریال مەدرید بەرامبەر ریال بێتیس دۆڕا و ڤایێس رۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنی تیپەکەیدا هەبوو، پاشئەوەی چەندین هەوڵی گۆڵکردنی یاریزانانی ریال مەدریدی پووچەڵکردەوە.
ڤایێس ئاشکرایکردووە، گەڕاندنەوەی لێدانە سزاکە بەڕێکەوت نەبووە، چونکە ئەو پێشتر لێکۆڵینەوەی لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی لێدانە سزاکانی ئێمباپێ کردووە.
گۆڵپارێزەکەی بێتیس دوای یارییەکە دەڵێ، "دەمزانی ئەو لێدانەکانی بۆ تەنیشتەکان دەنێرێت، هەربۆیە هەوڵمدا زۆرترین کات چاوەڕێی بکەم تاوەکو تۆپەکە لێدەدات. خۆم بۆ لایە دروستەکە هەڵدا و تۆپەکەم گەڕاندەوە".
ئەو گۆڵپارێزە هەروەها ئاشکرایکردووە کە هەوڵیداوە سەرنجی ئێمباپێ پەرت بکات، بەرلەوەی لێدانە سزاکە جێبەجێ بکات، ئەو دەڵێ کاتێک ناوبژیوان بڕیاری لێدانە سزاکەیدا، چوومە بەردەمی و پێمگوت، "بەخوا بەبەختی، لە دوایی ساتی یاریدا لێدانی سزات بۆ گیراوە، ئەوە چییە ئەو بەختە؟".
ڤایێس هەر تەنیا لێدانە سزاکەی ئێمباپێی نەگەڕاندەوە، بەڵکو لە کاتی ئاهەنگگێڕان بۆ گەڕاندنەوەی لێدانە سزاکە، چووە بەردەمی ئێمباپێ و بەروویدا هەڵشاخا و کێشای بەدەموچاویدا، وەک جۆرێک لە دەمارگرتنی ئەو یاریزانە.
گۆڵی سەرکەوتنی ریال بێتیس لە یارییەکەدا لە رێگای ترۆی بارۆتەوە تۆمارکرا، بەرلەوەی ناوبژیوان بەبیانووی ئۆفسایدەوە، گۆڵێکی کارلۆس ئێسپی، هێرشبەری ریال مەدرید لە خولەکی 87 رەت بکاتەوە.




