رووداو دیجیتاڵ
دهۆک لە نێو یاریگە و هاندەرانی خۆیدا سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر یانەی جەویە بەدەستهێنا، دوای ئەوەی توانی یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی خۆی کۆتاییپێبهێنێت و سێ خاڵی دیکە بخاتە سەر خاڵەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
یارییەکە لە چوارچێوەی گەڕی 5ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەچوو، یانەی جەویە هەر لە سەرەتاوە بە گوشار دەستیپێکرد و لە خولەکی 15ـدا لە رێگەی سەعد عەبدولئەمیر گۆڵی پێشکەوتنی تۆمار کرد. دهۆک هەوڵەکانی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە چڕکردەوە، لە خولەکی زیادکراوی گێمی یەکەمدا هەلێکی زێڕینی بۆ رەخسا، بەڵام مەحموود مەواس لێدانی سزای لەدەستدا و گێمی یەکەم بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندی جەویە کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا دهۆک بە ئاستێکی باشتر دەرکەوت، لە خولەکی 74ـدا ئیگۆر هێنریکێ توانی لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی یەکسانبوون بۆ دهۆک تۆمار بکات. گوشارەکانی یانەی خاوەن یاریگە بەردەوام بوون تاوەکو لە خولەکی 90ـدا ئیگۆر هێنریکێ بە ئەسیستێکی مەحموود مەواس گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی نواند و سەرکەوتنی بۆ دهۆک مسۆگەر کرد.
بەم سەرکەوتنە یانەی دهۆک کۆی خاڵەکانی گەیاندە 7 خاڵ و لە پلەی 7ـەمی ریزبەندی جێگیر بوو، یانەی جەویە بە 4 خاڵ لە پلەی 14ـەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا مایەوە.



