رووداو دیجیتال
لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر ئەرکی ئاسان نییە، بەڵام تیپەکە دەیەوێت درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات و بە وەرگرتنی سێ خاڵی دیکە پێگەی خۆی لە پلەی پێشەنگی ریزبەندیی بەهێزتر بکات.
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ بەسەرپەرشتی لوئەی سەڵاحی باشترین راهێنەری مانگی هەشتی خولەکە، باشترین ئاستی پێشکەشکردووە و بەسێ سەرکەوتن و یەکسانبوونێک تیپەکە 10 خاڵی کۆکردووەتەوە لە پلەی یەکەمی ریزبەندیی خولەکەیە، بڕیارە رۆژی هەینی کاژێر 21:00ـی شەو ئیمپڕاتۆ لە شاری بەغدا یاریی لەگەڵ یانەی شورتە دەکات.
یاریی داهاتووی هەولێر ئاسان نییە، بەڵام شورتە وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی مامناوەندی پێشکەشکردووە و دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی هەیە، تیپەکە 7 خاڵی هەیە لە پلەی شەشەمی ریزبەندییە.
درێس زەردەکان دوو رۆژە گەشتی شاری بەغدایان کردووە، تیپەکە لە ئامادەباشیدایە، تاوەکو ئێستا هومام تاریق، ئەستێرەی بە ئەزموون بەهۆی تووشبوون بە پێکانی ماسوولکەی گۆزینگی قاچی دوورە لە تیپەکە و سەرقاڵە بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
هەڵگورد مەلا محەممەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە دەزانین یانەی شورتە تیپێکی بەهێزە و خاوەن یاریزانی باشە، بەڵام ئێمە هەولێرین و دەمانەوێت لەسەر ئەو ئاستبەرزیی و یەکڕیزییەی خۆمان بەردەوام بین، لەنێو ئێمەدا هەستی ماڵبات و خۆشەویستی و دڵسۆزی هەیە، بۆیە چاوممان لە سێ خاڵی یارییەکەیە".
هەر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی دهۆک لەو یاریگایەی نازناوی جامی یانەکانی کەنداوی بەرزکردەوە یاریی لەگەڵ یانەی جەوییەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە دەکات، ئالهۆێن چیای نەیتوانیوە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و هەر چوار یارییەکەی بە یەکسانبوون تەواو کردووە، هاندەرانی نیگەرانن و یەحیا گوڵ محەممەدی راهێنەری بە ئەزموونی ئێرانی دەیەوێت چێژ و ئاهەنگی یەکەم سەرکەوتن لە وەرزی نوێدا ببەخشێتە هاندەرانی.
یەحیا گوڵ محەممەدی، راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە روونیکردەوە "هەموو یارییەکانی خول قورسن و لەو یارییەشدا ئەرکمان ئاسان نابێت، بەڵام هەموو هەوڵێکمان بۆ سەرکەوتنە".
نەورۆزی کوردان سەرەڕای گرێبەستی زۆر و کۆکردنەوەی ئەستێرەکان ئاستی باش نییە و تامی سەرکەوتنی نەکردووە، تیپەکەی وەلی کەریم، لە باشووری عێراق یاریی لەگەڵ یانەی نەفتی میسان دەکات.
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز بۆ رووداو سپۆرتسی ئاشکراکرد "سێبەشی تیپەکەم یاریزانی نوێیە و کاتمان دەوێت تاوەکو تەواو لە یەکدی تێدەگەن، بەڵام هاندەرانمان دڵنیا دەکەمەوە وەرزی ئەمساڵ رکابەریی دەکەین و ئەنجامەکانمان زۆر باش دەبن".
پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی هاندەرانیان و هەموو شەقامی وەرزشیی عێراق، یانەی زاخۆ خاوەن گرێبەستە ملیارییەکان و راکێشانی هاڕوون ئەحمەدی مایسترۆ، ئاکام هاشمی بەرگریکاری پۆڵاین و عەلی جاسمی گۆڵکار، تیپەکە خراپترین دۆخی هەیە، تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و کار گەیشتە ئەوەی بە پەلە لۆران بلانیتی راهێنەری فەرەنسی دووربخەنەوە، ئێستا تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری قەتەری گەڕاوەتەوە زاخۆ و ئەو راهێنەرە بووەتە هیوایەکی گەورە بۆ سوورپۆشانی خابوور.
گازی باکوور تیپەکەی بابەگوڕگوڕ میوانێکی نوێ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە شاری سلێمانی یاریی بەرامبەر یانەی جوڵان دەکات.گازی باکوور سەرەڕای یەکەم بەشداریی لە خولەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، تیپەکە بردنەوەیەک و دوو یەکسانبوون و دۆڕانێکی هەیە.


