رووداو دیجیتاڵ
وەرزی رابردوو ریال مەدرید بەدەست چەندین کێشەی ناوخۆییەوە دەیناڵاند، کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر یانەکە هەبوو و بوونە هۆی ئەوەی وەرزەکە بەبێ هیچ نازناوێک کۆتایی پێ بهێنێت.
وەرزی رابردوو ناکۆکییەکی تووند لەنێوان ژمارەیەک یاریزانی سەرەکی و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئەوکات دروستبوو، کە بووە هۆی دوورخستنەوەی راهێنەرەکە. هەروەها ناکۆکی نێوان فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی و ئۆریلین چوامینی بووە سەردێری رۆژنامەکانی جیهان، لە کاتێکدا ئەلڤارۆ ئاربێلوا تووشی کێشە بوو لەگەڵ هەندێک لە یاریزانان، لەوانەش کیلیان ئێمباپێ.
هاتنی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ سەر کورسیی یەدەگی ریال مەدرید لەم هاوینەدا، ئامانج لێی بەشێکی ئارامکردنەوەی کەشوهەوا ئاڵۆزەکەی ناو ژووری جلگۆڕینی یاریزانان بوو.
ئەم هەنگاوە تاوەکو ئێستا سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بە تۆمارکردنی سێ سەرکەوتنی لەسەریەک لە سێ یاریی خولی ئیسپانیادا. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیان ئاماژە بەوە دەکەن کە کاروباری ناو یانەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت. وا دەردەکەوێت شێوازەکانی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە، کە کەمێک نەرمترە لە خولی یەکەمی راهێنەرایەتی لە یانەکە، جێگەی رەزامەندی یاریزانە ئەزمووندارەکانی ریال مەدریدە، لە کاتێکدا دەگوترێت جەخت لەسەر لایەنە دیاریکراوەکان دەکاتەوە، وەک چڕیی مەشقەکان.
ئاشتەوایی نێوان ئێمباپێ و بێلینگهام
بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆ زانیاری نوێی ئاشکراکردووە و روونی کردووەتەوە کە ئاشتەوایی لەنێوان هەندێک لە یاریزانان روویداوە.
پێشتر ناکۆکی لەنێوان کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام هەبووە، و گرژییەکانی نێوان یاریزانە فەرەنسییەکە و ئینگلیزییەکە لە وەرزی رابردوودا گەیشتبووە لووتکە، بەڵام بەپێی بەرنامە تەلەڤزیۆنییە ئیسپانییەکە، ئەم وەرزە بارودۆخەکە هێور بووەتەوە و ئێستا هەردوو یاریزانەکە بەتەواوی تەبان.
بەبێ چوونە ناو وردەکاریی زیاتر و بە ئاماژەدان بە سوپرایزی زیاتر لە پەخشی داهاتوودا، بەرنامەکە زیادی کردووە کە جۆزێ مۆرینیۆ یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم نزیکبوونەوەی نێوان هەردوو ئەستێرەکەی ریال مەدرید. چونکە هەردووکیان لە چەندین ئاهەنگی گۆڵ تۆمارکردندا لەم وەرزەدا بینراون کە بە جۆش و خرۆش و دۆستانە پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕن.
سروشتییە کە ئەم نزیکبوونەوەیە مۆرینیۆ دڵخۆش بکات، چونکە راهێنەرەکە گرنگیی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان ئێمباپێ و بێلینگهام دەزانێت بۆ پێشکەشکردنی ئاستێکی ناوازە و بەدەستهێناونی نازناوەکان لەم وەرزەدا.



