رووداو دیجیتاڵ
لوکا مۆدریچی ئەستێرەی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی و ئێستای میلانی ئیتاڵی، پەسنی تواناکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی نەسڕی سعودی داوە و دووپاتیدەکاتەوە، رۆناڵدۆ دەگاتە گۆڵی ژمارە هەزار، لە کاروانی خۆیدا.
رۆناڵدۆ لە وەرزی ئەمساڵی خولی سعودیەدا دوو گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 22 گۆڵی ماوە، بۆ گەیشتن بە گۆڵی ژمارە هەزار وەک یەکەم یاریزان لە مێژوودا.
کریستیانۆ هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەشداری لە مۆندیالی 2026ی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا کرد و لە پێنج یاریدا، سێ گۆڵی تۆمارکرد، بەرلەوەی هەڵبژاردەکەی لە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە لەسەردەستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەربکرێت.
مۆدریچ کە ساڵانێکی بەرچاو لەگەڵ کریستیانۆ لە ریال مەدرید یاریی کردووە، دەڵێ، "کریستیانۆ ناوازەیە، ئەو دیاردە و دڕندەیە، بێگومان دەگاتە گۆڵی ژمارە هەزار".
هەروەها دەڵێ، "هەموو ئەوەی کردوویەتی و بەردەوام دەیکات، هەروەها شێوازی رکابەری و ئەوەی لە هەر یارییەکدا پێشکێشی دەکات، بەڕاستی جێگای سەرسوڕمانە".
لوکا دەڵێ، "بەهۆی ساڵانی یارییکردنمان پێکەوە لە ریال مەدرید و ئەوەی بەدەستمان هێنا، سۆزێکی تایبەتم بەرامبەری هەیە، هیوادارم بەزووترین کات، بگاتە گۆڵی ژمارە هەزار".
ئەستێرە کرواتییەکە دووپاتیدەکاتەوە کە رۆناڵدۆ هێشتا نەگەیشتووەتە کۆتایی کاروانەکەی، ئاماژەی بەتوانای ئەو یاریزانە داوە لە تۆمارکردنی گۆڵ کە دەکرێ بۆ چەندین ساڵی دیکە لە یارییکردن بەردەوام بێت.
مۆدریچی براوەی باڵۆندۆری 2018 دەڵێ، "ئەو لانیکەم ساڵێکی دیکەی لەبەردەمدایە بۆ یارییکردن، بەدڵنیاییەوە دەگاتە گۆڵی ژمارە هەزار".
هەروەها دەڵێ، "نازانم ئەو تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت بەتەمەنی 50 ساڵی گۆڵ تۆمار بکات، بەهرەی ئەو لە گۆڵکردندا بێوێنەیە، کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە کە بڕوای زۆری بەخۆی و متمانەی زۆری بەتواناکانی هەیە، ئەو شتانە ناوازەن".
رۆناڵدۆ و مۆدریچ ماوەی شەش وەرز پێکەوە لە ریال مەدرید یارییانکردووە، لە نێوان 2012 تاوەکو 2016، بەرلەوەی کریستیانۆ ریال مەدرید بەرەو یوڤێنتوس بەجێبهێڵێت.
لەماوەی یارییکردنیان پێکەوە لە ریال مەدرید دەستکەوتی ناوازەیان بەدەستهێنا، دیارترینیان نازناوێکی لالیگا و چوار نازناوی چامپیۆنزلیگ، لە نێویاندا سێ نازناو بەسەریەکەوە، لەماوەی راهێنەرایەتی زینەدین زیدان بۆ یانەکە.



