رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی رەخنەی تووندی میدیای چین بووەوە، پاشئەوەی پەیامێکی بۆ رێزلێنان لە قوربانییانی لافاوەکەی تیبت و نیپاڵ بڵاوکردەوە.
میدیای چین رەخنەی تووندیان لە یانە ئیسپانییەکە گرتووە بەهۆی پەیامەکەوە، کە بۆ قوربانییانی لافاوی نیپاڵ و هەرێمی گیرۆنگی لە تیبت ناردبوو. میدیای ئەو وڵاتە پێیانوایە شێوازی ناوهێنانی تیبت و نیپاڵ پێکەوە، "نادروستە".
پێشتر ریال مەدرید لە پەیامێکدا لەسەر ئینستاگرامی یانەکە، بەبۆنەی خولەکێک وەستان بۆ رێزلێنان لە قوربانییانی لافاوەکەی نیپاڵ و تیبت، بەر لە یاریی یانەکە بەرامبەر مالاگە لەنێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ نووسیبووی، "ئەمە رێزلێنانە بۆ قوربانییانی لافاوەکە کارەسات هێنەکەی نیپاڵ و تیبت".
چینییەکان کێشەیان لەگەڵ دانانی ناوی نیپاڵ و تیبت پێکەوە هەیە، چونکە وەک میدیای وڵاتەکە دەڵێن، دانانی تیبت لەپاڵ نیپاڵدا لەهەمان رستەدا، مانای یەکسانیی نێوان هەردوو شوێنە، لە کاتێکدا نیپاڵ وڵاتێکی سەربەخۆیە و چین پێیوایە، تیبت بەشێکە لە خاکی ئەو.
رۆژنامەی 'بەیجین دەیلی' هێرشی کردووەتە سەر یانەی ریال مەدرید و دەڵێ، "ریال مەدرید، تیبتی وەک نیپاڵ ناساندووە و رەتیدەکاتەوە هەڵەکەی خۆی چاک بکاتەوە".
سۆشیال میدیای چین کاردانەوەی تووندی بەرامبەر ریال هەبوو، ویبۆ کە بەربڵاوترین سۆشیال میدیای چینییە، بەفراوانی کاردانەوەی بەرامبەر بڵاوکراوەکەی ریال مەدرید پێشاندا.
ریتمی رەخنەکان زیاتر بوون، کاتێک رۆژنامەی 'گڵۆبال تایمز' هاتە سەر هێڵ کە بەزمانی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە و سەر بە رۆژنامەی 'رۆژانەی گەل' هەیە، کە زمانحاڵی حیزبی شیوعیی چینییە.
ئەو رۆژنامەیە وایداناوە کە داڕشتنەوەی رستەی پەیامەکەی ریال مەدرید، پەیامێکە "لەناوەڕۆکدا هانی گوتاری جوداخوازیی داپۆشراو دەدات".
تاوەکو ئێستا، ریال مەدرید هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر هێرشەکانی میدیای چین بڵاونەکردووەتەوە.




