رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا، ئەلیخاندرۆ باڵدێ لە ریزەکانیدا بۆ ئەم وەرزە هێشتەوە، دوای ئەوەی یانەکە دواکەوت لە هەنگاوەکانی بۆ دۆزینەوەی یانەیەکی گونجاو بۆ ئەو بەرگریکارە ئیسپانییە، سەرەڕای ئەوەی ئامادەبوون گوێ لەو دەستەوارانە بگرن کە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا پێشکەشی دەکران.
دۆخی یاریزانەکە بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە، بەتایبەت کە ئێستا لە دەرەوەی پلانەکانی هانزی فلیکی راهێنەرە و لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بەشداری نەکردووە.
هەڵەیەکی کارەساتبار دەرگاکە دادەخات
بارسێلۆنا لە سەرەتای ماوەی گواستنەوەکاندا نوێنەری باڵدێیان ئاگادار کردبووەوە کە ئامادەن گوێ لەو دەستەوارانە بگرن کە بۆ یاریزانەکە دێن، بەڵام تا دوا رۆژەکانی بازاڕەکە هیچ هەنگاوێکی جددی نەبینرا.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، یانەکە تەنیا لە 10 رۆژی کۆتایی مێرکاتۆدا بەجددی دەستی بە گەڕان کرد بۆ شوێنێکی گونجاو بۆ باڵدێ، ئەمەش ئەو هەڵە گەورەیە بوو کە بەهۆی کەمیی کاتەوە پرۆسەی تەواوکردنی گرێبەستەکەی ئاڵۆز کرد.
یەکێک لە بیرۆکە پێشنیازکراوەکان ئاڵوگۆڕکردنی باڵدێ بوو لەگەڵ فێدریکۆ دیمارکۆی بەرگریکاری ئیتاڵی، بەڵام یانەی ئینتەرمیلان پێشنیازەکەی رەتکردەوە، هەروەها پەیوەندییەکان لەگەڵ مانچێستەر یونایتدیش هیچ ئەنجامێکی بەرچاویان نەبوو.
هەرچەندە بارسێلۆنا ئامادەی گوێگرتن بوو لە دەستەوارەکان، بەڵام باڵدێ خۆی گوشاری بۆ رۆیشتن نەدەکرد؛ ئەو یاریزانە تەمەن 22 ساڵانە، کە گرێبەستەکەی تاوەکو 2028 بەردەوامە، دەیویست بمێنێتەوە و هانزی فلیک رازی بکات کە شایستەی رۆڵێکی گەورەترە، بەڵام هەڵسەنگاندنی راهێنەرە ئەڵمانییەکە بۆ یاریزانەکە گەورەترین رێگرە؛ فلیک گومانی لە توانای تەکنیکی ئەو نییە، بەڵام پێیوایە باڵدێ هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست لەڕووی تووندیی یاریکردن و پابەندبوون و دیسپلینی تاکتیکییەوە.
ئەو بەرگریکارە لە ماوەی ئامادەکارییەکاندا هەلی پێدرا، بەڵام بژاردەکانی دیکە لەپێشینە بوون لە هەردوو باڵی بەرگریدا، هەروەها فلیک بایەخ بەو یاریزانانە دەدات کە دەتوانن لە زیاتر لە شوێنێکدا یاری بکەن، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێریک ئیسپارت دایە.
ئامۆژگارییەکەی فلیک.. لە چاوەڕوانی باری نائاساییدا
لە مانگی ئابدا، فلیک کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ باڵدێ ئەنجامدا، کۆبوونەوەکەش بەئامۆژگارییەکی راهێنەر بۆ یاریزانەکە کۆتاییهات، کە بۆخۆی بگەڕێت بەدوای یانەیەکی دیکەدا تاوەکو بەشداریی بەردەوامی تێدا مسۆگەر بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئامادەیی بارسێلۆنا بۆ گوێگرتن لە دەستەوارەکان بەو مانایە نەبوو کە یانەکە سووربێت لەسەر رۆیشتنی یاریزانەکە بەهەر نرخێک بێت، بەتایبەت کە باڵدێ خۆی ئارەزوویەکی روونی بۆ رۆیشتن نیشان نەدا، یانەکەش پێش داخرانی دەرگای مێرکاتۆ شوێنێکی گونجاوی بۆ نەدۆزییەوە.
بەم شێوەیە باڵدێ وەک بژاردەیەکی یەدەگ وەرزەکەی لەنێو بژاردەکانی فلیکدا دەستپێدەکات، بەڵام لەوانەیە دۆخی لەگەڵ تێپەڕبوونی وەرزەکەدا بگۆڕێت، لەسایەی ئەگەری پێکان و سزادان و گوشاری یارییەکان و دابەزینی ئاستی هەندێک لە رکابەرەکانی، کە ئەمانە فاکتەرێکن لەوانەیە هەلی زیاتری پێ ببەخشن بۆ گەڕانەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکی.




