رووداو دیجیتاڵ
یانەکانی خولی لالیگای ئیسپانیا، جارێکی دیکە بەدەستبڵاوییەوە گەڕانەوە نێو بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، هەر سێ یانە گەورەکە، پێشەنگی زۆرترین خەرجییان لە گواستنەوەی یاریزاناندا، تۆمارکرد.
بەپێی ئەوەی میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، بارسێلۆنا، ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید، پێشەنگی کڕیارانی بازاڕی گواستنەوەی ئیسپانیا بوون لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا.
یانەکانی خولی پلە یەکی ئیسپانیا بە خەرجکردنی 733 ملیۆن یۆرۆ، کۆی خەرجییەکانی هاوینی رابردووی خولەکەیان تێپەڕاندووە کە 708 ملیۆن یۆرۆ بوو.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵی ئیسپانیا، سەرنجی یانەکانی خولەکە بوو لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە لاوەکانی ئەکادیمیاکانیان، ئەوەش بۆ پاراستنی بەهرەمەندەکانیان، لەو دەستەوارە گەورانەی یانەکانی پرێمەرلیگ پێشکەشیان دەکەن.
ریال مەدرید بەهێزەوە گەڕایەوە
یانەی ریال مەدرید، چالاکترینی ئیسپانیا بوو لە ماوەی گواستنەوەی هاوینی ئەمساڵدا، یانەکە بڕی 225 ملیۆن یۆرۆی بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی خەرجکرد.
یان دیۆماندێ، گرانترین گرێبەستی یانەکە بوو بە 125 ملیۆن یۆرۆ. یاریزانەکە بووە گرانترینی مێژووی ریال مەدریدیش، هەروەها گرانترینی ئەمساڵی ئیسپانیا.
ریال مەدرید هەروەها گرێبەستی لەگەڵ مارک کوکورێیا بە 55 ملیۆن یۆرۆ کرد. ئەمە جیا لە ئێسپی هێرشبەری لاو بەرامبەر 25 ملیۆن یۆرۆ. هەروەها دینزل دۆمفرێس بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ هەریەکە لە بێرناردۆ سێلڤا و براهیما کۆناتێ، کە بەبێ بەرامبەر پەیوەندییان بە ریال مەدریدەوە کرد.
بارسا گەڕایەوە
خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵی ئیسپانیا، گەڕانەوەی توانا داراییەکانی بارسێلۆنا بوو بۆ دۆخی سرووشتی، بەسوود وەرگرتن لە سەرلەنوێ کردنەوەی یاریگای کامپ نوی تایبەت بەیانەکە، ئەمە جیا لە بەدەستهێنانی بڕێکی بەرچاوی پارە، لە فرۆشتنی کورسیی ڤی ئای پی یاریگاکە.
بارسێلۆنا، لە هاوینی ئەمساڵدا بڕی 184 ملیۆن یۆرۆی لە هێنانی یاریزاناندا خەرجکرد. ئانتۆنی گۆردۆن دیارترین ئەستێرەی هاتووە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە بەرامبەر 80 ملیۆن یۆرۆ.
بارسا هەروەها بە 60 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ رۆدری کرد، ئەمە جیا لە 10 ملیۆن یۆرۆ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ گابریێل جیسوس لە ئارسیناڵەوە.
بارسێلۆنا هەروەها نزیکەی 22 ملیۆن یۆرۆی داوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کەریم ئادیێمی، وێڕای ئەوەش، یانەکە ویستی زۆری هەبوو بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی جولیان ئەلڤارێز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام ئەو یانەیە رێگای بە رۆیشتنی یاریزانەکەی نەدا.
چیرۆکی گواستنەوەی ئەلڤارێز، بووە زنجیرەیەکی دوورودرێژی ماوەی گواستنەوەی هاوینە، ئەوەش لە سایەی دەستپێوەگرتنی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە.
ئاتلێتیکۆ دانابڕێت
وەک ماوەکانی گواستنەوەی پێشوو، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەیەکێک لە بەهێزترینەکانی مێرکاتۆ مایەوە، پاشئەوەی یانەکە زنجیرەیەک گرێبەستی بەرچاوی ئەنجامدا.
ئاتلێتیکۆ لە دوایین رۆژی بازاڕی گواستنەوەدا، گرێبەستکردنی لەگەڵ جۆناسان داڤید راگەیاند. بەرلەوە یانەکە بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ هۆیلاندی بەدەستهێنابوو. ئەمە جیا لە کانگ لی ئین بەرامبەر 35 ملیۆن یۆرۆ و کۆتی رۆمێرۆ بەرامبەر 35 ملیۆن و گریماڵدۆ بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ.
یانەکانی دیکەش چالاک بوون
تەنیا یانە گەورەکانی لالیگا هێڵەکانی خۆیان پتەونەکرد، دیپۆرتیڤۆ لاکۆرۆنیا کە ئەمساڵ گەڕاوەتەوە لالیگا، بڕی 25.8 ملیۆن یۆرۆی لە یاریزاناندا خەرجکرد. لە کاتێکدا یانەکانی دیکە، پارەی زۆریان خەرجنەکرد.
دیپۆرتیڤۆ ژمارەیەک گرێبەستی ئەنجامدان، لە نێویاندا لیۆ رۆمان بەرامبەر 9 ملیۆن یۆرۆ، وینسن بەرامبەر 6 ملیۆن یۆرۆ، برایت بەرامبەر 5.8 ملیۆن یۆرۆ، ئۆماچۆچی بەرامبەر 2.5 ملیۆن یۆرۆ، ئۆبامیانگ بەرامبەر ملیۆنێک و نیو و گیزیلهارت بەرامبەر یەک ملیۆن یۆرۆ.
رایسینگ سانتاندرێر لای خۆیەوە، 21 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە بۆ بەدەستهێنانی ژمارەیەکی زۆری یاریزان، لە نێویاندا پابلۆ گارسیا، ئیگێرزابالا، ئیڤان مارتین، فاکۆ گۆنزالێس، ئارۆن مارتین، ئیکەر لوکی، فلیپێر، پیدرۆ فیلیپی، براتی، پابلۆ رامۆن، کانالیس و زابیری.
وێڕای جیاوازییە گەورەکان، یانەکانی لالیگا لەوەدا هاوبەشن کە پشت بە هێزی ئەکادیمیاکانیان دەبەستن.
یانەکانی لالیگا، ئەمساڵ ژمارەی بەرچاوی یاریزانیان لە ئەکادیمیاکانیانەوە سەرخستووە بۆ تیپی یەکەم، بەشێکیشیان پارەی زۆریان لە فرۆشتنی یاریزانەکانیان دەستکەوتووە.
ریال مەدرید پێشەنگی فرۆشیارانی یاریزانە لاوەکانی ئەکادیمیاکانیەتی و ئەو یانەیە بەهۆی فرۆشتنی یاریزانانی لاوی دەرچووی 'لا فابریکا'ی ئەکادیمیای یانەکەوە، بڕی 200 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێناوە.




