رووداو دیجیتاڵ
لە خولی پلە یەکی تورکیا، دێربییەکی کوردستانی ئەنجامدەدرێت و هەردوو یانەی وان سپۆرت و باتمان پەترۆلسپۆر رووبەڕووی یەکدەبنەوە و مێردینیش دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:00 یاریی نێوان هەردوو یانەی وان سپۆر و باتمان پەترۆلپسۆر ئەنجامدەدرێت.
یارییەکە دەبووایە لە وان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاریگای یانەی وان سپۆر لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە و ئامادەنییە، یارییەکە لە مانیسا ئەنجامدەدرێت و بە یاریگای وان هەژمار دەکرێت.
لە یاریی رابردوودا وان سپۆر یارییەکی دیکەی کوردستانیی بەرامبەر یانەی مێردین سپۆر ئەنجامدا و هەردوولا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون. یانەکە تاوەکو ئێستا لە دوای 4 گەڕ بردنەوەیەکی تۆمارکردووە و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
یانەی باتمان پەترۆلسپۆر، تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، تیپەکە بە سێ بردنەوە و یەکسانبوونێک پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
تیپە سوور و سپییەکە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و شوێنی خۆی بەهێزتربکات.
لە یارییەکی دیکەدا کە کاژێر 20:00 بەڕێوەدەچێت، یانەی مێردین سپۆر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی سێڤاس سپۆر یاریی دەکات.
مێردین لەم وەرزەی خولەکەدا سەرەتایەکی باشی هەبووە و دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە و هەشت خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە.
سێڤاس سپۆر دوو یاریی دۆڕاندووە و دووجار یەکسانبووە، یانەکە تەنیا دوو خاڵی هەیە و لە یاریی رابردوودا بەرامبەر باتمان پەترۆلسپۆر دۆڕاوە.




