رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکەی لیۆنێل مێسی بۆ وازهێنان لە یاریکردنی نێودەوڵەتی، دەرگای بۆ ژماردنی پێچەوانە کردەوە تاوەکو بۆ هەمیشە کاروانی وەرزشیی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت، چونکە ئێستا تەنیا هەڵواسینی پێڵاوەکانی لەسەر ئاستی یانەکان ماوە. بەمەش یاریگاکان دەست دەکەن بە ماڵئاواییکردن لە نەوەیەک کە بۆ ماوەی دوو دەیە ناسنامەی ئەم یارییەیان نەخشاندووە.
مێسی لێرەدا بەتەنیا نییە؛ ئێمە لە رۆژ و هەفتە و مانگەکانی کۆتایی کاروانی وەرزشیی زۆر لە ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێی جیهانداین، کە دەکرێت وەک 'ئەفسانە' وەسف بکرێن.
ململانێی ژمارە پێوانەییەکان و هێرشبەرەکان
کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، وەک خۆی باسی لێوە کردووە، لە لێواری ساڵی کۆتاییەتی لە یاریگاکاندا، و بەردەوامە لە راوکردنی ئامانجە مێژووییەکەی کە گەیشتنە بە 1000گۆڵ پێش ئەوەی بۆ هەمیشە واز بهێنێت.
لە هەمانکاتدا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی دوایین وەرزەکانی تەمەنی وەرزشی بەڕێ دەکات، کە بەهۆی تەمەن و توانای جەستەییەوە کاریگەر بووە، ئەوەش دوای ئەوەی بەشێوەیەکی هەمیشەیی ئەورووپای جێهێشت دوای ساڵانێکی پڕ لە شکۆ لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند، بایرن میونشن و بارسێلۆنا.
لەلایەکی دیکەوە، تۆماس مۆلەری ئەڵمانی نزیکە لە کۆتاییهێنان بە گەشتە درێژەکەی، دوای ئەوەی ئەویش رووی لە خولی ئەمریکی کرد پاش ئەوەی هەموو نازناوەکانی لە کیشوەری ئەورووپا لەگەڵ بایرن میونشن بەدەستهێنا.
هەروەها چاوەکانیش لەسەر لویس سوارێزی ئۆرۆگواییە، کە وازهێنانی یەکجارەکی بووەتە کێشەی کات، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە سێیەم ساڵی لەگەڵ ئینتەرمەیامی و دوای ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر بەبێ گەڕانەوە ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد.
نەیمار و هاواری جەستەیەکی ماندوو
نەیمار دا سیلڤای بەرازیلی لە لیستی ئەو ئەستێرانەدایە کە لە کۆتایی نزیک بوونەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین جار ئاماژەی بە ماندوێتی جەستەیی و دەروونی کردووە و چیدی وزەی پێویستی نەماوە بۆ بەردەوامبوون لە ناو لاکێشەی سەوزدا. پێکانە ئاڵۆزەکان وایانکردووە ئەم بەهرەمەندەی سامبا لە دواین ساتەکانی کاروانە پڕ لە هەراوزەنایەکەی نزیک بێتەوە.
ناڕوونیی دۆخی بنزیما و دوسەری
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە کەریم بنزیمای فەرەنسی دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی بە رەزامەندی هەردوولا، بۆ هەمیشە واز لە یاریکردن بهێنێت.
لەهەمانکاتدا، سالم دوسەری سعودی لە قۆناخی چارەسەردایە بۆ چاکبوونەوە لە پێکانەکەی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبووە کە لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان رۆیشتن لە یانەکەی یان راگەیاندنی وازهێنان.
کۆسپەکانی مۆدریچ و چارەنووسی نادیاری رامۆس
لوکا مۆدریچی کرواتی بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە، لەگەڵ یانەی میلان تووشی دەستپێکێکی ئاڵۆز و دابەزینی ئاست بووە، ئەمەش بڕیاری وازهێنانی یەکجارەکی خێراتر دەکات.
لە لایەنی بەرگریشەوە، سێرخیۆ رامۆسی ئیسپانی لەوەتەی جێهێشتنی یانەی مۆنتێری مێکسیکی بەبێ یانە ماوەتەوە، ئەمەش وای لێدەکات بە ناچارییەوە لە راگەیاندنی وازهێنانی نزیک بێتەوە.
نۆیەر چاوەڕێی دیمەنی کۆتایی دەکات
مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی ئەڵمانی وەک یەکێک لە دیارترین ئەو ناوانە دەردەکەوێت کە لە ماڵئاواییکردن لە یاریگاکان نزیک بوونەتەوە، دوای ئەوەی بەڕاشکاوی گوتی ئەم وەرزە لەوانەیە دوا وەرزی بێت لە کاروانی پیشەگەریدا. بەمەش لاپەڕەی دوایین گۆڵپارێزی ئەم نەوە ئەفسانەییە دەپێچرێتەوە.




