رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوور، دەستنیشانکردنی رۆبێرت مۆرینۆی بە راهێنەری کاتیی هەڵبژاردەی وڵاتەکە راگەیاند.
مۆرینۆ کە پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە، بۆ شەش یاریی داهاتوو، لە دوو ماوەی فیفا دەی لە مانگەکانی 9 و 10ی ئەمساڵ، راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
فیدراسیۆنەکە ئاشکرایکردووە، ئەگەر هەیە ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە تاوەکو جامی ئاسیای 2027 کە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدرێت، بەردەوام بێت.
هیۆن یۆنگ مین، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوور، دەڵێ، مۆرینۆ بەتێگەیشتنی لە تۆپی پێی کۆریای باشوور، ئێمەی سەرسام کردووە. ئەو توانای پێشاندانی کۆمەڵێکی گەورە لە جێگرەوە تاکتیکییەکانی هەیە.
مۆرینۆ ساڵی 2019 راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە. پێشتریش راهێنەرایەتی یانەکانی مۆناکۆی فەرەنسی و گرانادای ئیسپانی کردووە. دوایین ئەزموونی مەشقدانی لەگەڵ یانەی سوچیی رووسی بووە. لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو، وازی لە کارەکەی هێناوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوور رایگەیاندووە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی مۆرینۆ "گۆڕینی کەشی هەڵبژاردەکەیە"، پاشئەوەی پۆستەکە لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی هۆنگ میونگ پو لە کۆتاییەکانی مانگی حەوتی ئەمساڵدا، بەبەتاڵی مایەوە.
مۆرینۆ یەکەم یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆریا، بەرامبەر ئیکوادۆر لە 24ی ئەم مانگە ئەنجامدەدات.




