رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی تۆپی پێی جیهان، بەفەرمی و دوای کاروانێکی 20 ساڵەی پڕ لە زێڕ و نازناو، وازهێنانی نێودەوڵەتی راگەیاند، ئێستا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەک تەنیا گۆڵکار و باشترین یاریزانی مێژووی خۆی، بەڵکو سەرکردە و کاپتنە مێژووییەکەشی لەدەستداوە.
مێسی لە کاروانی نێودەوڵەتی خۆیدا، کە بە مۆندیالی 2022 و دوو نازناوی کوپا ئەمریکا (2021 و 2024)، لە 207 یاریدا بەشداری کرد، تێیدا 125 گۆڵی تۆمارکرد
و 65 ئەسیستی هەبوو؛ بەمەش بووە کاریگەرترین یاریزانی نێودەوڵەتی لە مێژوودا بە بەشدارییکردن لە 190 گۆڵ.
ئێستا لە نەبوونی مێسیدا، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: کێ شایستەی ئەوەیە شانی بداتە ژێر قورسیی کاپتنی ئەرجەنتین؟
ئەمانە 5 بەربژێرە سەرەکییەکەن:
1- کریستیان رۆمێرۆ؛ دیواری پۆڵایین بەرگریکارەکەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکان دادەنرێت. رۆمێرۆ خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز و رۆحیەتێکی جەنگاوەرانەیە لە نێو یاریگادا. ئەو تەمەنی 28 ساڵە و لە لووتکەی ئاستی دایە، بەشێکی سەرەکییە لەو نەوەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا سەرکردایەتی تانگۆ بکەن.
2- ئیمیلیانۆ مارتینێز؛ دیبۆی پارێزەر گەرچی دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەویش بیر لە وازهێنانی نێودەوڵەتی بکاتەوە، بەڵام گۆڵپارێزەکەی چێڵسی هەموو خاسییەتە
کلاسیکییەکانی سەرکردەی تێدایە. ئەزموون، کەسایەتی کاریگەر، پێگەی نێودەوڵەتی و قسەڕۆیشتوویی لە ژووری جلگۆڕیندا، وای لێدەکات یەکێک بێت لە بژاردە هەرە لەپێشەکان.
3- لاوتارۆ مارتینێز؛ گۆڵکاری سەرکردە هێرشبەرەکەی ئینتەر میلان خاڵێکی بەهێزی هەیە، ئەویش ئەزموونی کاپتنییە لەسەر بەرزترین ئاستی ئەورووپا. لاوتارۆ چەند وەرزێکە کاپتنی یانەی ئینتەر میلانە و سەرکردایەتی تیپێکی پڕ لە ئەستێرەی کردووە، ئەمەش وای لێدەکات لە هەڵبژاردەکەشدا ئەرکەکەی بۆ ئاسان بێت.
4- ئێنزۆ فێرناندێز؛ ئەندازیاری نەوەی نوێ ئینزۆ بە سەرکردەی نەوەی نوێی ئەرجەنتین دادەنرێت. لە مۆندیالی قەتەرەوە درەوشایەوە و بووە یەکێک لە کۆڵەکەکانی هەڵبژاردەکە. سەرەڕای گەنجی، بەهۆی ئەوەی لە یانەکەشی ئەزموونی کاپتنی هەبووە و کەسایەتییەکی جێگیری هەیە، دەتوانێت ببێتە میراتگری کاپتنییەکەی مێسی.
5- ئەلێکسیس ماک ئەلیستەر؛ هێمن و کارا ئەستێرەکەی لیڤەرپوول بە بەراورد بەوانی دیکە چانسی کەمترە، چونکە بە شێوەیەکی رێکوپێک لە یانەکەیدا کاپتن نەبووە. بەڵام ماک ئەلیستەر بەهۆی تێگەیشتنە قووڵەکەی بۆ یارییەکە و ئەزموونی زۆری لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی، وەک بژاردەیەکی شایستە بۆ وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە سەیر دەکرێت.




