رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر لە یاریگەری خۆیدا سەرکەوتنی بەسەر یانەی ترابزۆن سپۆر تۆمارکرد و سێ خاڵی بەدەستهێنا؛ ئێستا ئامەدسپۆر لەدوای یانەکانی گاڵاتاسارای، گەنچلیک، بێشکتاش و فەنەرباخچە، لە پلەی پێنجەمی خولی نایابی تورکیایە.
ترابزۆن سپۆر بە کۆمەڵێک ئەستێرەوە شەوی دووشەممە 31-8-2026 بووە میوانی ئامەدسپۆر و لە هەفتەی سێیەمی خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ)دا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
ترابزۆن سپۆر ئەم وەرزە پشتئەستوورە بە تواناکانی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری، فابینهۆی بەڕازیلی، ئەندرێ ئۆنانا گۆڵپارێزی کامیرۆنی و چەند ئەستێرەیەکی دیکە.
محەممەد سەڵاح، هەر لە خولەکی 11ی یارییەکەدا بە تۆمارکردنی گۆڵێک، ئەو یانەیەی هەرێمی دەریای رەشی تورکیای پێشخست.
یاریزانانی ئامەدسپۆر گوشاری زۆریان خستە سەر گۆڵی ترابزۆن سپۆر، بەڵام گۆڵپارێزی کامیرۆنی و ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد ببووە ئاستەنگێکی گەورە و چەندین لێدانی ئامەدییەکانی گەڕاندەوە.
لە دوا خولەکی گێمی یەکەمدا یاریزان یرا سۆر گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و ئەو گێمە بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا هەردوولا هێرشیان بۆ سەر گۆڵی یەکدی دەکرد و یارییەکی پڕ لە رکابەری بوو.
یارییەکە بە هەمان ئەنجام مایەوە هەتاوەکو خولەکی 90 گیفت ئۆربان، یاریزانی نێجیری کە ئەمساڵ پەیوەندیی بە ئامەدسپۆرەوە کردووە، گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ یانەکەی باکووری کوردستان تۆمارکرد.
بەمجۆرە یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی ئامەدسپۆر کۆتایی هات.
هەمان شەو تەواوی یارییەکانی هەفتەی سێیەمی خولی سوپەرلیگ بەڕێوەچوون و ریزبەندیش نوێ بووەوە.
ئێستا یانەکانی گاڵاتاسارای و گەنچلیک بە حەوت خاڵ لە پلەکانی یەکەم و دووەمن. هەروەها یانەکانی بێشکتاش، فەنەرباخچە و ئامەدسپۆر کە هەریەکەیان شەش خاڵیان هەیە، لە پلەکانی سێیەم، چوارەم و پێنجەمن.
ئامەدسپۆر یەکەمین جارە لە مێژوودا گەیشتووەتە خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا، سێ یاریی کردووە. لە یەکەم یارییدا سەرکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام لە دووەمین یارییدا دۆڕا و لەم یارییەشدا سەرکەوت.
ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر، ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە.
سەرەتا لەژێر ناوی (مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر) بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد دەکرد.
ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
وەرزی 2023-2024 بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە دووەکان.
وەرزی 2024-2025 بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان.
وەرزی 2025-2026یش بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ).



.jpg&w=3840&q=75)
