رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و جیهان، دوای نزیکەی 20 ساڵ لە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی، بەفەرمی وازهێنانی خۆی لە یاریکردنی نێودەوڵەتی راگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، مێسی ئاشکرای کردووە کە بڕیاری وازهێنانی دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ و درێژخایەن بووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەرچەندە بڕیارەکە بۆ ئەو زۆر ئازاربەخشە و تاوەکو ئێستاش لە ناوەوە کاریگەری لێکردووە، بەڵام گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئێستا کاتی گونجاوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە کاروانە نێودەوڵەتییەکەی بهێنێت.
کاپتنەکەی تانگۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەی رابردوودا، هەموو توانایەکی خۆی بۆ خزمەتی نیشتمانەکەی و درێسی ئەرجەنتین تەرخان کردووە، نەک تەنیا لەم ساڵانەی دوایی کە هەموو نازناوەکانی لەگەڵ هەڵبژاردەکە بردەوە، بەڵکو لە هەموو قۆناخەکاندا تێکۆشاوە.
مێسی لە پەیامەکەیدا دەڵێت "هەمیشە جەنگاوم بۆ ئەوەی خەڵک دڵخۆش بن و شانازی بە ئەرجەنتینی بوونیانەوە بکەن لە رێگەی تۆپی پێوە، بەڵام کاتێکی کەم ماوە و هەندێک لە بەشەکانی ئەم چیرۆکە بەرەو کۆتایی دەچن".
ئاماژەی بەوەش کردووە "هەموو شتێکم پێشکێش کرد و ئیتر هیچم نەماوە بۆ بەخشین، هەربۆیە پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە رێگە بۆ یاریزانە گەنجەکان چۆڵ بکات کە شایستەی ئەو هەلەن".
ئەفسانە گەورەکەی ئەرجەنتین سوپاسی بێپایانی هاندەرانی کرد بۆ ئەو 20 ساڵەی پشتیوانییان کردووە و رایگەیاند کە هەرچەندە بیری دەنگیان لە نێو یاریگا دەکات، بەڵام لەمەودوا وەک هاندەرێک لە دەرەوەی یاریگا دەمێنێتەوە و لە کاتە خۆش و ناخۆشەکاندا پاڵپشتییان دەکات. هەروەها سوپاسی خێزانەکەی، راهێنەرەکان، هاوڕێکانی و هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لەم کاروانەدا لەگەڵی بوون.
مێسی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەم بەیاننامەیەی لە 21ی مانگی 7 نووسیوە، واتە تەنیا دوو رۆژ دوای یاریی کۆتایی مۆندیال، بەڵام ئەو رووداوانەی ئەم دواییە بەسەر باوکیدا هات، زیاتر لە بڕیارەکە دڵنیای کردەوە.
لە کۆتاییدا مێسی بە هەستکردن بە شانازی و ئارامییەوە ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەکە کرد و پەیامەکەی بەم رستەیە کۆتایی پێهێنا "سوپاس بۆ خوا کە منی بە ئەرجەنتینی دروست کرد.. ڤامۆس ئەرجەنتینا".


.jpg&w=3840&q=75)

