رووداو دیجیتاڵ
جوزێ مۆرینیۆ، بەڕێوەبەری تەکنیکی ریال مەدرید، باسی لە دۆخی تیپەکەی کرد پێش میوانداریکردنی یانەی مالاگا، کە بڕیارە سبەی یەکشەممە لە بێرنابیۆ لە چوارچێوەی گەڕی سێیەمی خولی ئیسپانیا ئەنجام بدرێت. هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخی یان دیۆماندێ و پەیوەندی نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و کیلیان ئێمباپێ کرد.
مۆرینیۆ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی یاریزانەکان، گوتی "هەندێک یاریزانمان هەیە، وەک هەمیشە دەیڵێمەوە، مەشقی جیاوازیان ئەنجامداوە. پێکهاتەیەکی بەهێزمان هەیە کە توانای پڕکردنەوەی ئەم کێشانەی هەیە".
مۆرینیۆ بەردەوام بوو و گوتی "نموونەیەکتان بۆ دەهێنمەوە: سبەی کوکورێیا بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات. کارێراس، کە لە یارییەکانی بەرامبەر ئیسپانیۆل و ریال سۆسیداد ئاستێکی باشی پێشکەش کردبوو، لەسەر کورسی یەدەگ دەبێت. ئەگەر کوکورێیا هەستی بە ماندووێتی کرد، ئەوا ئەلڤارۆ ئامادە دەبێت بۆ چوونە نێو یاریگا. ئەمە ئەو جۆرە چارەسەرانەیە کە پێکهاتەیەکی ئاوا بۆ راهێنەر دابینی دەکات".
سەبارەت بە دیۆماندێ، جۆزێ گوتی "چیدی بەشێوەیەکی تاکەکەسی باسی یاریزانەکان ناکەم. دیۆماندێ درەنگ گەیشت و هاوینێکی قورسی بەڕێکرد. لەگەڵ لایپزیگ مەشقی نەکردبوو، کاتێکیش گەیشت، بنەمایەکی وای نەبوو کە پشتی پێ ببەستێت، بۆیە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەچێت. هەندێک کاتی یاریی پێدراوە و ئەوەش شتێکە کە بۆ گەشەکردن پێویستییەتی. سبەی یان بەسەرەکی یاری دەکات یان وەک یەدەگ دێتە ناوەوە. ئەو رۆژ بە رۆژ زیاتر ئامادە دەبێت".
سەبارەت بەئەگەری باشترکردنی پەیوەندی نێوان ڤینیسیۆس و ئێمباپێ، مۆرینیۆ روونیکردەوە "ئەمە هەوڵێکی بەکۆمەڵە. نهێنییەکە لە کوالێتیدایە، ئێمەش کوالێتییەکی بێوێنەمان هەیە. خاڵێکی دیکەش، کە هەرچەندە لاوەکییە، بەڵام گرنگییەکەی کەمتر نییە، تێگەیشتنی نێوانیانە. دەبێت ئاستێکی بەرز لە تێگەیشتن، هاوڕێیەتی و هاوکاری هەبێت. کاتێک ئەم سیفەتانە لەگەڵ کوالێتییەکی ناوازە کۆدەبنەوە، ئەوا هەموو ئەو شتانەت دەستدەکەوێت کە بۆ بەردەوامبوون لە گەشەکردن پێویستن".
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "دینامیکییەت تەنیا 2+9 نییە، بەڵکو 11 یاریزانە. ئەم دینامیکییەتە پاڵیان پێوە دەنێت، و پاڵ بە هەمووانیشەوە دەنێت بۆ ئەوەی ئاستێکی باشتر پێشکەش بکەن. من زۆر دڵخۆشم کە تەنیا دوای دوو هەفتە کارکردن لەگەڵیاندا، ئەم ئاستە دەبینم".



