رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە یاریی نێوان کۆجائێلیسپۆر و ئامەدسپۆردا هاندەرانی خاوەن یاریگە بە "کیسەی زەرد" هەڕەشەیان لە هاندەرانی ئامەدسپۆر کرد، لیژنەی دیسیپلینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بڕیارێکی دا و هەردوو یانەکەی بە 280 هەزار لیرەی تورکی (6000 دۆلار) سزا دا.
رۆژی 24ـی ئابی 2024، لە چوارچێوەی گەڕی دووەمی خولی پلە نایابی تورکیا، یانەی کۆجائێلیسپۆر لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی ئامەدسپۆری کرد. یارییەکە نەک بەهۆی ئەنجامەکەی، بەڵکو بەهۆی رووداوەکانی سەر سەکۆی هاندەرانەوە بووە جێی باسی میدیاکان.
"کیسەی زەرد"؛ هێمای هەڕەشەی کوشتن
لە کاتی یارییەکەدا ژمارەیەک لە هاندەرانی کۆجائێلیسپۆر "کیسەی زەرد"یان (کە لە تورکیا وەک هێمای تەرمی کوژراوانی پەکەکە و هەڕەشەی کوشتن لێکدەدرێتەوە) بەرامبەر هاندەرانی ئامەدسپۆر بەرزکردەوە. ئەم دیمەنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و وەک "هاندان بۆ تووندوتیژی" ناوبرا.
دواتر داواکاری گشتیی تورکیا لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و پێنج کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لەو کارە دەستگیرکران، کە دواتر دادگا بڕیاری "دەستبەسەرکردنی ماڵەوە"ی بۆ دەرکردن.
هەردوو یانە سزادران
سەرەڕای ئەوەی هاندەرانی ئامەدسپۆر رووبەڕووی هەڕەشە ببوونەوە، بەڵام لیژنەی دیسیپلین هەردوو یانەکەی بە یەک ئاست سزا دا:
1.بەهۆی رووداوەکانی نێو یاریگە، یانەی کۆجائێلیسپۆر بە 280 هەزار لیرە (6000 دۆلار) و بەهۆی چۆڵنەکردنی دەروازە و پەیژەکانەوە بە 150 هەزار لیرە (3100 دۆلار) سزا درا؛ هەروەها بڕیاردرا بە بلۆککردنی کارتی ئەلیکترۆنیی (Passolig) بۆ ئەو هاندەرانەی لەو بەشانەی یاریگە بوون کە دروشمی نەشیاویان تێدا بەرزکرابووەوە.
2.بەهۆی رووداوەکانی نێو یاریگە، یانەی ئامەدسپۆر بە 280 هەزار لیرە (6000 دۆلار) سزا درا؛ هەروەها بەهۆی "دروشمی ناشریین و خراپ" ئاگادارکردنەوەی تووندی ئاراستە کرا و کارتی ئەلیکترۆنیی ئەو هاندەرانەی ئامەدسپۆریش بلۆک کرا کە لە بەشی میوانەکاندا بوون.




