رووداو دیجیتال
هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق بە دۆڕاندنی دوو یاریی چووە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی وڵاتانی ئاسیا لە چین.
یارییەکانی پاڵەوانێتیی بالەی خانمانی وڵاتانی ئاسیا لە شاری تیانجین لە وڵاتی چین بەردەوامە، هەڵبژاردەی خانمانی عێراق کە سەرپەرشتیار و راهێنەر و سێبەشی یاریزانەکانی کوردستانین یەکەمجارە بەشداریی دەکات.
لە یەکەم یاریدا هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی خانمانی چین تووشی دۆڕاندن بوو بەئەنجامی سێ گێمی بێبەرامبەر، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە یاریی دووەمیدا خانمانی عێراق جارێکی دیکە تووشی دۆڕاندن بوون بەئەنجامی سێ گێمی بێبەرامبەر.
بەر لە گەشتکردنیان بۆ وڵاتی چین راندی مەتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئامادەکارییەکانمان باشە و هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە بتوانین ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەستبهێنین".
ئەوەی جێگای سەرنجە هەڵبژاردەی عێراق بەر لە پاڵەوانێتییەکە بە مانگێک کەمپی راهێنانی لە شاری هەولێر کرد، ساڵانەش تەنیا پاڵەوانێتییەک بۆ خانمان لە عێراق ئەنجام دەدەرێت کە بە دوو قۆناخ یارییەکانی تەواو دەبن.


