رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک بەدوای یەکەم بردنەوەدا دەگەڕێت، کاتێک بۆ یاریی دووەم لەسەریەک لە یاریگای خۆی یاریی دەکات.
لە دوایین یاریی گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یارییەکی لووتکەدا، کاژێر 21:30 دوو راهێنەری ئێرانی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، کاتێک دهۆک میوانداریی یانەی تەڵەبە دەکات.
دهۆک لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر غەڕاف یارییکرد و لەنێو هاندەرانیدا یەکسانبوو، یانەی تەڵەبە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر دیالە دۆڕا، کەواتە ئەمشەو هەردوو تیپ رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵی ئەم وەرزە دەکەن.
پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، یەحیا گوڵمحەممەدی، راهێنەری یانەی دهۆک گوتی "رێز لە یانەی تەڵەبە و راهێنەرەکەیان عەلیڕەزا مەنسووریان دەگرین، بەتایبەت بۆ ئەو ئاستە باشەی لە وەرزی رابردوو پێشکێشیانکرد. ئێمە پێش خولەکە یارییەکی دۆستانەمان بەرامبەر تەڵەبە ئەنجامدا و لە تواناکانی ئەوان تێدەگەین. هەوڵدەدەین سوود لە یاریگا و هاندەرانمان وەربگرین بۆ ئەوەی ئاستێک پێشکێش بکەین شایستەی ناوی دهۆک بێت. ئامانجی ئێمە ئەوەیە هاندەرانمان رازی بکەین، بۆیە داوا دەکەین ئامادەبن و پاڵپشتیمان بکەن."
هاوشێوەی یاریی یەکەم، بەهۆی ئەوەی بەتەواوی لە پێکانەکەی چاک نەبووەتەوە، رێوان ئەمین، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی دهۆک زەحمەتە بەشداری لە یارییەکەدا بکات.




.jpg&w=3840&q=75)