رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز دووەم یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت یەکەم بردنەوەی وەرزەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی تۆماربکات.
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:30 لە ناسڕییە، یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی غەڕاف یاریی دەکات و ئامادەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵ.
لە گەڕی یەکەمی خولەکەدا، نەورۆز لە یاریگای خۆی بەرامبەر جەوییە یارییکرد و یەکسانبوو، یانەی غەڕاف بەرامبەر دهۆک یارییکرد و بە خاڵێکەوە گەڕایەوە، هەردوو تیپ رکابەری لەسەر بردنەوەی یەکەم دەکەن.
یانەی نەورۆز رۆژی هەینی دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بەبێ هیچ کێشەیەک یاریزانەکانی ئامادەن.
پێش یارییەکە هەیسەم متعەب، یاریدەدەری راهێنەری یانەی نەورۆز گوتی " هەموو یارییەک گرنگیی خۆی هەیە، ئەم یارییەش بەبێ زەحمەتی نابێت، هەردوو تیپ بەدوای خاڵەکانی یارییەکەدا دەگەڕێن و مافی سرووشتی خۆیانە. لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا کاری زۆرمان کردووە و خاڵی بەهێز و لاوازی تیپی رکابەر دەزانین."
یاریدەدەری راهێنەری یانەی نەورۆز گوتی "جگە لە مەڕوان حوسێن کە بەهۆی کارتی سوورەوە یاریی ناکات، نێتۆ ئاکارا تووشی پێکان بووە و سەرجەم یاریزانەکانی دیکە ئامادەن."

.jpg&w=3840&q=75)


