رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەفەرمی گەڕانەوەی جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی بۆ ریزەکانی راگەیاند، ئەمەش دوای زنجیرەیەکی درێژ لە دانوستاندنەکان کە دواجار بە گواستنەوەیەکی هەمیشەیی ئەو یاریزانە کۆتاییهات.
یانە کەتەلۆنییەکە لەڕێگەی هەژمارە فەرمییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دووپاتیکردەوە کە کانسێلۆ بووەتە یاریزانی فەرمی یانەکە.
بەگوێرەی راپۆرتە وەرزشییەکان، ئەم گواستنەوەیە بەشێوەی 'گرێبەستی ئازاد' بووە، دوای ئەوەی یاریزانە پۆرتوگالییەکە لەگەڵ یانەی هیلالی سعوودی گەیشتە رێککەوتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە مووچە و شایستە داراییەکانی داهاتووی.
کانسێلۆ گرێبەستێکی بۆ ماوەی 3 وەرز لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆکردووە، کە تاوەکو ساڵی 2029 لە یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو دەیهێڵێتەوە.
ئەمە سێیەمجارە کانسێلۆ درێسی بارسێلۆنا دەپۆشێت، بەڵام یەکەمجارە بەشێوەی هەمیشەیی بێت؛ پێشتر لە وەرزی 2023-2024 بە خواستن لە مانچێستەر سیتییەوە و لە نیوەی دووەمی وەرزی رابردووش بەخواستن لە یانەی هیلالەوە بۆ بارسا یاریی کردووە.
لە ماوەی ئەو وەرز و نیوەی کە بەخواستن لەگەڵ بارسێلۆنا بووە، کانسێلۆ بەشداری لە 65 یارییدا کردووە، 6 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 گۆڵیشی دروستکردووە، هەروەها وەرزی رابردوو نازناوی خولی ئیسپانیای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا.
لەلایەکی دیکەوە، کانسێلۆ دوای دوو ساڵ ماڵئاوایی لە یانەی هیلالی سعودی کرد، کە تێیدا لە 45 یارییدا بەشداری کرد و 3 گۆڵ و 14 ئەسیستی هەبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ نازناوێک لەگەڵ یانە شینپۆشەکەی سعودیە بباتەوە.
جواو کانسێلۆ دەبێتە پێنجەمین گرێبەستی بارسێلۆنا لەم مێرکاتۆیەدا، دوای هەریەک لە ئەنتۆنی گۆردۆن، کەریم ئادێمی، رۆدری و جێسی بیسیۆ، جگە لە کڕینەوەی یەکجاریی هێرشبەرە لاوە میسرییەکە، حەمزە عەبدولکەریم.




