رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕی سعودی تووشی گورزێکی چاوەڕواننەکراو بوو سەبارەت بە بارودۆخی کریستیانو رۆناڵدۆ، کاپتنی تیپەکە، بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ریاز لە خولی رۆشنی سعودی، چونکە یاریزانەکە هێشتا نەگەڕاوەتەوە نێو مەشقە بەکۆمەڵەکان.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، رۆناڵدۆ رۆژی چوارشەممە بەشداریی مەشقە بەکۆمەڵەکانی نەکردووە و بەردەوام بووە لەسەر بەرنامە تایبەتەکەی بۆ چاکبوونەوە لەو پێکانەی لە ماسوولکەکانی حەوزیدا تووشی بووە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەفسانە پۆرتوگالییەکە هەفتەی رابردوو لە کاتی مەشقەکاندا هەستی بە ئازار کردووە، هەرچەندە لە مەشقەکانی دوێنێ چوارشەممەدا ئازارەکەی نەمابوو، بەڵام دەستەی پزیشکی و تەکنیکی نەیانویستووە سەرکێشی پێوە بکەن و تەنیا مەشقی سووک و لایەنی جەستەیی بەتەنیا ئەنجامداوە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە رۆناڵدۆ پشکنینی کۆتایی و هەڵسەنگاندنی جەستەیی بۆ بکرێت تاوەکو دیاری بکرێت ئایا دەتوانێت ناوی لە لیستی یاریزانانی یانەی نەسڕدا بێت بۆ یارییەکەی سبەی یان نا.
رۆناڵدۆ وەرزی نوێی بەخراپی دەستپێکردووە لەڕووی پێکانەوە، چونکە لە یەکەم یاریی خولی سعودی بەرامبەر فەتح بەشداری نەکرد، هەروەها لە یاریی جامی شای سعودیش بەرامبەر یانەی درعییە بەشداری نەکرد.
یانەی نەسڕ سبەی هەینی لە گەڕی دووەمی خولی رۆشنی سعودی، رووبەڕووی یانەی ریاز دەبێتەوە و هاندەرانی یانەکەش چاوەڕێن بزانن گۆڵکارە مێژووییەکەیان دەگەڕێتەوە یان دابڕانەکەی درێژە دەکێشێت.




