رووداو دیجیتاڵ
یانەی گازی باکوور، دووەم یاریی خۆی لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت یەکەم بردنەوە لە خولەکەدا تۆمار بکات.
گازی باکوور یارییەکانی لەم وەرزەدا لە یاریگای یانەی نەورۆز لە سلێمانی ئەنجامدەدات، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:30 لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولەکەدا میوانداریی یانەی کارەبا دەکات و پێویستیی بە پاڵپشتیی هاندەرانە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە و بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتن.
رەئفەت محەممەد، راهێنەری یانەی گازی باکوور پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئامادەکاریی باشمان بۆ یارییەکە کردووە، دەزانین رکابەرییەکە زەحمەتە، پشتیوان بەخوا یارییەکی ئەرێنی دەبێت بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانمان."
راهێنەری گازی باکوور دەڵێت "ئێمە بەرامبەر زاخۆ ئەنجامێکی باشمان بەدەستنەهێنا، بەڵام هەموو هەوڵێکی خۆمان دا و ئاستێکی شایستەمان بە ناوی گازی باکوور پێشکێشکرد. سەیری یاریی کارەبامان کردووە، ئەوان دۆڕان، بەڵام لە نیوەی دووەمدا ئاستێکی بەرزیان هەبوو."
گازی باکوور یەکەمجارە بەشداری لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا دەکات و دەیەوێت یەکەم بردنەوە لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا تۆماربکات.




