رووداو دیجیتاڵ
گویلێرمۆ ئۆیۆس، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی، رایگەیاند کە لیۆنێل مێسی توانیویەتی بەشێک لە ئارامییەکەی بۆ بگەڕێتەوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا تووشی شۆکی کۆچی دوایی باوکی بوو.
خۆرخی مێسی، باوکی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، لە 8ـی ئابدا لە تەمەنی 68 ساڵیدا لە شاری رۆزاریۆی ئەرجەنتین کۆچی دوایی کرد. مێسی هەفتەی رابردوو گەڕایەوە نێو یاریگەکان و لە پاڵەوانێتی جامی خولەکان بەشداریی کرد؛ سەرەتا وەک یەدەگ بەرامبەر یانەی لیۆن و پاشان رۆژی یەکشەممە بەسەرەکی بەرامبەر ناشڤێڵ یاریکرد، کە تێیدا یانەکەی بەئەنجامی 4-1 تووشی شکست هات.
گویلێرمۆ ئۆیۆس، راهێنەری ئینتەرمەیامی لەبارەی دۆخی مێسییەوە گوتی "مێسی لە دۆخێکی باشدا دەردەکەوێت، لەنێو یاریگەدا گوزارشت لە خۆی دەکات، چونکە ئەوێ ئەو شوێنەیە کە تێیدا هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکات، ئێستا ئارامتر دەبینرێت".
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە مێسی هەفتەی رابردوو نامەیەکی کاریگەری بۆ کۆچی دوایی باوکی بڵاوکردەوە و تێیدا باوکی وەک "هاوڕێ و بەڕێوەبەری کارەکان و پاڵپشتیکەری یەکەمی" وەسف کردبوو و نووسیبووی کە نازانێت چۆن بێ ئەو ژیان بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، کاسێمێرۆ، یاریزانی ناوەندی ئینتەرمەیامی و هاوڕێی مێسی، ستایشی خۆڕاگری و پابەندیی ئەو ئەستێرەیەی کرد و گوتی "مێسی نموونەیەکی بێوێنەیە. بێگومان لە قۆناخێکی زۆر سەختدایە، بەڵام ئەو پابەندییەی بەرامبەر هاوڕێکانی و یانەکە نیشانیداوە سەرسوڕهێنەرە. لە تەواوی کاروانی وەرزشیمدا شتی لەو شێوەیەم نەبینیوە".




