رووداو دیجیتاڵ
کێشەکانی جولیان ئەلڤارێز و ئاتلێتیکۆ مەدرید قووڵتر دەبنەوە و هێرشبەرەکەی ئەرجەنتین داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات و رەتی دەکاتەوە داوایلێبوردنی لە هاوڕێکانی کردبێت.
خولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، گەڕایەوە نێو مەشق و ڕاهێنانەکانی تیپەکەی، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە بە مانای کۆتاییهاتنی کێشەکانی نایەت. یاریزانەکە هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی وەرزی داهاتوو لە شوێنێکی دیکە یاریی بکات و چاوی لە یانەی بارسێلۆنایە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، ئەلڤارێز هەرچەندە گفتوگۆیەکی دۆستانەی لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەر ئەنجامداوە، بەڵام هەڵوێستی نەگۆڕاوە. ئەو پێیوایە قۆناخەکەی لەگەڵ رۆخی بلانکۆس کۆتاییهاتووە و دەیەوێت خەونەکەی. کە یاریکردنە بۆ بارسێلۆنا بەدیبهێنێت.
بەڵێنە شکاوەکەی مانگی شوبات
سەرچاوە نزیکەکان لە یاریزانەکە ئاشکرایان کردووە کە ئەلڤارێز زۆر نیگەرانە لە هەڵوێستی یانەکەی. باس لەوە دەکرێت کە لە مانگی شوباتی رابردوو، میگێل ئانخێل خیل مارین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵێنی پێداوە کە ئەگەر دەستەوارەیەکی باشی بۆ بێت، رێگری لێ نەکەن. بارسێلۆنا بڕی 100 ملیۆن یۆرۆی خستبووە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام یانە مەدریدییەکە رەتیکردەوە دانوستاندن بکات، ئەمەش وەک 'شکاندنی بەڵێن' لای ئەلڤارێز لێکدراوەتەوە.
داوای لێبووردنی نەکردووە
لە چەند کاژێری رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەلڤارێز داوای لێبووردنی لە هاوڕێکانی کردووە بەهۆی ئەو لێدوانانەی لە مۆندیالدا دابووی (کە گوتبووی باشترە هەموان بڕۆین)، بەڵام تۆڕی ESPN ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو تۆڕە، ئەلڤارێز هیچ داوای لێبووردنێکی نەکردووە و هێشتا لەسەر قسەکانی خۆی سوورە.
وەک سەرچاوەیەکی نزیک لەو یاریزانە باسی دەکات، ئەلڤارێز بە هاوڕێکانی گوتووە "نە داوایلێبوردنم کردووە و نەدەیکەم، سووریشم لەسەر رۆیشتن".
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت هاوشێوەی ئانتوان گریزمان، ئەلڤارێز جارێکی دیکە دڵی هاندەران بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە ئێستا تەنیا بیر لە دەرچوون دەکاتەوە.
داوای کۆبوونەوەی بەپەلە
تۆڕی TyC Sports ئاشکرایکردووە کە نوێنەرانی ئەلڤارێز داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لەگەڵ میگێل ئەنخێل خیل مارین کردووە. ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە یاریزانەکە بەڵێنە کۆنەکەی بیر بخاتەوە و داوا بکات رێگەی پێبدەن بەرەو بارسێلۆنا بڕوات، پێش ئەوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە دابخرێت.
ئێستا دۆخەکە لە نێوان ئەلڤارێز و ئاتلێتیکۆ گەیشتووەتە بنبەست؛ سیمیۆنی دەیەوێت بیهێڵێتەوە، یانەکە نایەوێت بیفرۆشێت، بەڵام خودی یاریزانەکە جانتاکانی پێچاوەتەوە و تەنیا چاوەڕێی ئاماژەیەکە بۆ رۆیشتن.




