رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئاڵای ئاڵنگاری بەرزدەکاتەوە و شۆڕشێکی 225 ملیۆن یۆرۆیی دەستپێکردووە بۆ رووخاندنی بارسێلۆنا.
دوای دوو وەرزی وشک و بێ نازناو، یانەی ریال مەدرید بەتووندی گەڕاوەتەوە نێو بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و ئامانجی سەرەکیی قەڵای سپی کۆتاییهێنانە بە باڵادەستیی بارسێلۆنای هانزی فلیک و وەرگرتنەوەی تاجی پاشایەتیی ئیسپانیا و ئەورووپا.
ریال مەدرید لەم هاوینەدا نەک تەنیا خەزێنەکەی کردووەتەوە، بەڵکو ستراتیژی گواستنەوەکانیشی گۆڕیوە. بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە سێیەکی کۆی خەرجییەکانی پێنج ساڵی رابردووی یانەکە تەنیا لەم چەند مانگەی دواییدا بووە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەو شۆڕشەی جوزێ مۆرینیۆ لەنێو پێکهاتەکەیدا دەستیپێکردووە.
225 ملیۆن یۆرۆ بۆ گۆڕینی سیمای مەدرید
بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی مۆرینیۆ، کارگێڕیی ریال مەدرید بڕی 225 ملیۆن یۆرۆی بۆ کڕینی یاریزانانی نوێ تەرخان کردووە. گرنگترین خاڵی ئەم مێرکاتۆیە، گواستنەوەی یان دیۆماندێ کۆتدیڤواری بوو کە بووە گرانترین گرێبەست لە مێژووی یانەکەدا.
تێچووی گرێبەستەکان بەم شێوەیەن:
یان دیۆماندێ: گرانترین گرێبەستی مێژووی یانە (125 ملیۆن یۆرۆ).
مارک کوکورێیا: 55 ملیۆن یۆرۆ بۆ چێڵسی.
کارلۆس ئیسپی: 25 ملیۆن یۆرۆ بۆ لیڤانتێ.
دینزڵ دومفرێیس: 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئینتەرمیلان.
هەروەها هەریەک لە بێرناردۆ سێلڤا و ئیبراهیما کۆناتی بەخۆڕایی و دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکانیان لەگەڵ مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول، پەیوەندییان بە ریال مەدریدەوە کردووە.
ریال مەدرید؛ پادشای خەرجییەکان لە ئیسپانیا
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، ریال مەدرید بەتەنیا نزیکەی 40%ـی کۆی خەرجییەکانی هەموو یانەکانی خولی ئیسپانیای لەم هاوینەدا ئەنجامداوە، کە کۆی گشتی خەرجی خولەکە گەیشتووەتە 560 ملیۆن یۆرۆ.
ریال مەدرید بەتەنیا زیاتر لە هەردوو یانەی بارسێلۆنا (100.5 ملیۆن یۆرۆ) و ئاتلێتیکۆ مەدرید (102 ملیۆن یۆرۆ) پێکەوە پارەی خەرج کردووە. لەسەر ئاستی جیهانیش، ریال مەدرید تەنیا یانەی دەرەوەی خولی ئینگلیزییە کە لەنێو لیستی 6 پڕخەرجترین یانەکانی ئەم هاوینەی جیهاندایە.
ستراتیژێکی نوێ؛ تێکەڵەیەک لە لاوان و ئەزموون
ریال مەدرید لەم وەرزەدا کەمێک لەو سیاسەتە لایدا کە تەنیا گرنگی بە یاریزانی زۆر گەنج دەدا. هەرچەندە بە گواستنەوەی دیۆماندێ و ئیسپی بەردەوامی بە کڕینی بەهرەمەندەکان دا، بەڵام بۆ یەکەمجار پەنای بۆ یاریزانی خاوەن ئەزموونی وەک کوکورێیای تەمەن 27 ساڵ و دومفرێسی تەمەن 30 ساڵ برد، بۆ ئەوەی ئەنجامی خێرا و دەستبەجێ بەدەستبهێنێت.
ئەم جوڵە گەورانەی ریال مەدرید پەیامێکی روونە بۆ هانزی فلیک و یاریزانەکانی بارسێلۆنا؛ مۆرینیۆ نەک تەنیا بۆ رکابەری، بەڵکو بۆ 'جەنگی وەرزشی' و کۆتاییهێنان بە سەردەمی کەتەلۆنییەکان گەڕاوەتەوە.




