رووداو دیجیتاڵ
یەکەم دێربیی کوردستان، لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کاتێک یانەی زاخۆ میوانداریی یانەی گازی باکوور دەکات.
یارییەکە کاژێر 18:30 لە یاریگای زاخۆ ئەنجامدەدرێت، بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانییەوە، ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگادا بەخۆڕایی دەبێت و چاوەڕواندەکرێت یاریگاکە پڕببێت لە هاندەر.
یانەی زاخۆ بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە تیپەکەیدا ئەنجامداوە، گرێبەستی سەرنجڕاکێش و گرانبەهای کردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکات لە خولەکەدا.
زاخۆییەکان، ئەستێرە دیارەکانی خولەکەیان لە تیپەکەیاندا کردووەتەوە، بە گواستنەوەی شێرزوود تێمیرۆڤ، هاڕوون ئەحمەد، ئاکام هاشم، مستەفا سەعدوون و چەند ئەستێرەیەکی دیکە، لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەمجەد عەتوان، شێرکۆ کەریم، ئۆرینیۆ و بەشێکی دیکەی یاریزانەکانی دەیەوێت وەکو تیپێکی رکابەر بچێتە نێو خولەکە و یەکەم سێ خاڵ بباتەوە.
پێش ئەم یارییە لاورێن بانید، راهێنەری یانەی زاخۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکانی سەرەتا زەحمەتن، ئێمە ئامادەین بۆ ئەو ئەرکە زەحمەتە. یانەی زاخۆ یانەیەکی گەورەیە و پێگەیەکی جەماوەریی گەورەی لە خولەکەدا هەیە، بۆ ئەو پێگەیە گەورەیە هەموو شتێک لەپێناو سەرکەوتندا دەکەین."
راهێنەری زاخۆ زیاتر گوتی "بە ورەیەکی بەرزەوە دەچینە نێو یاریگا و زۆر جوان دەبێت کاتێک یەکەم یاریی بەرامبەر هاندەران ئەنجامدەدەین."
یانەی گازی باکوور، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یاریی دەکات و یانەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی زاخۆ یاریی دەکات.
گازی باکوور لە وەرزی رابردوودا لە خولی نایابی عێراق بوو و توانیی بۆ یەکەمجار خۆی بگەیێنێتە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
گازی باکوور بۆ ئەم وەرزە گۆڕانکارییەکی زۆری لە ریزەکانیدا کردووە و 20 گرێبەستی نوێیکردووە، دوایینیان گواستنەوەی شەعبان مەحموود، یاریزانی کورد بوو.
پێش یارییەکەیان بەرامبەر یانەی زاخۆ، رەئفەت محەممەد، راهێنەری یانەی گازی باکوور لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەمە یارییەکی مێژووییە بۆ یانەی گازی باکوور، کاتێک یەکەم یاریی خۆمان لە مێژووی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامدەدەین".
راهێنەری گازی باکوور گوتی "هەمووان بەپەرۆشن بۆ ئەم یارییە گەورەیە، ئێمە زۆرباش لە گرنگی یارییەکە و بەهێزی زاخۆ تێدەگەین، لەکاتێکدا وەکو تیپێکی رکابەر خۆی پێشاندەدات."
رەئفەت محەممەد دەڵێت "یارییەکانی سەرەتا هەمیشە بۆ هەردوولا قورسن، بۆیە پێویستە بە بیرکردنەوەی بەهێزەوە مامەڵە بکەین، کارگێڕیی یانەکە هەموو شتێکیان بۆ کردووین و کەمتەرخەمیان نەکردووە لە پاڵپشتیکردنی تیپەکە، بۆیە ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئاستێکی شایستە بە ناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکێشبکەین و هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی هاندەرانمان دڵخۆشبکەین.'




