رووداو دیجیتاڵ
کریستیانو رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، دوای ساڵانێکی زۆر لە پەیوەندییە سۆزدارییەکەی لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگیزی ئەرجەنتینی، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا هاوسەرگیرییەکەیان راگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆژی سێشەممە لە شاری کاشکایش لە پۆرتوگال، رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە نێوان رۆناڵدۆی تەمەن 41 ساڵ و جۆرجینای تەمەن 32 ساڵ بەڕێوەچوو.
تەنیا دوو پیت و دڵێک!
رۆناڵدۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینیستاگرام، وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی دەستی خۆی و جۆرجینای بڵاوکردەوە کە تێیدا هەردووکیان ئەڵقەی هاوسەرگیرییان لەپەنجەدایە. وەک ئاماژەیەک بۆ پیتی یەکەمی ناوەکانیان، رۆناڵدۆ تەنیا نووسیویەتی: "C ❤️ G".
دوای ساڵێک لە دەستگیرانداری
ئەم هاوسەرگیرییە دوای رێک ساڵێک دێت لەوەی کە جۆرجینا لە 11ی هەشتی 2025دا رایگەیاندبوو کە بوونەتە دەستگیرانی یەکدی. لەو کاتەدا جۆرجینا وێنەی ئەڵقەیەکی گەورەی ئەڵماسی بڵاوکردەوە و نووسیبووی "بەڵێ، رازیم.. لەم ژیانە و لە هەموو ژیانەکانی تریشمدا".
چیرۆکێکی عەشق لە گوچییەوە بۆ لووتکە
پەیوەندیی ئەم دوو ناودارە بۆ ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە، کاتێک جۆرجینا لە یەکێک لە لقەکانی گوچی لە مەدرید کارمەند بوو. رۆناڵدۆ پێشتر لە دۆکیۆمێنتاری گوتبووی "لە سەرەتا بڕوام نەدەکرد پەیوەندییەکەمان هێندە بەهێز بێت و بەو شێوەیە عاشقی ببم، بەڵام دوای ماوەیەک هەستم کرد ئەو ژنی ژیانی منە".
خێزانێکی گەورە
ئێستا ئەم هاوسەرە خاوەنی پێنج منداڵن:کریستیانۆ جۆنیۆر 16 ساڵ، دووانەکەیان بە ناوی ئیڤا و ماتیۆ 9 ساڵ، ئالانا 8 ساڵ و بێلا 4 ساڵ).
جۆرجینا پێشتر بە گاڵتەجاڕییەوە دەربارەی ئەڵقەی هاوسەرگیرییەکەی گوتبووی "ئەم ئەڵقەیە کەمترین شت بوو کە رۆناڵدۆ بتوانێت پێشکێشم بکات دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی!".




