رووداو دیجیتاڵ
یاریگەی رێدبوڵ ئارێنا لە شاری سالزبۆرگی نەمسا، کاژێر 22:00ـی ئەمشەو میوانداری یاری سوپەری ئەورووپا لەنێوان پاریس سانجێرمان و ئاستۆن ڤێلا دەکات و یاساکانی یوفاش شێوازی یەکلاکردنەوەی پاڵەوانی وەرزی نوێ دیاری دەکەن.
پاریس سانجێرمان وەک پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک بەشداری یارییەکە دەکات، دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی بە لێدانەکانی یەکلا کەرەوە لە ئارسیناڵی بردەوە. لە بەرامبەردا ئاستۆن ڤێلا وەک پاڵەوانی یۆرۆپالیگ ئامادەیە، دوای ئەوەی توانیبووی بە ئەنجامی 3-0 لە فرایبۆرگ بباتەوە.
بەپێی رێساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا)، ئەگەر یارییەکە دوای تەواوبوونی 90 خولەکی سەرەکی بە یەکسانبوون کۆتاییبێت، پەنا بۆ کاتی زیادکراو نابرێت. لەو حاڵەتەدا تیپەکان راستەوخۆ دەچنە سەر لێدانەکانی یەکلا کەرەوە بۆ دیاریکردنی پاڵەوانی نازناوەکە.
ئەم یاسایە لە ساڵێ رابردووشدا جێبەجێ کرا، کاتێک پاریس سانجێرمان توانی نازناوەکە لە تۆتنهام بباتەوە. لەو یارییەدا یانە فەرەنسییەکە بە ئەنجامی 2-0 لە دوا بوو، بەڵام لە خولەکەکانی کۆتایی گەڕایەوە و یارییەکەی یەکسان کردەوە و دواتر بە لێدانەکانی یەکلا کەرەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
بۆ ئەمساڵیش هیچ گۆڕانکارییەک لە یاساکاندا نەکراوە و یاریگەی سالزبۆرگ دەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی یەکەم نازناوی وەرزی نوێی ئەورووپا، کە تێیدا تەنیا 90 خولەک بۆ یەکلاکردنەوەی یارییەکە لەنێوان هەردوو پاڵەوانەکەدا تەرخان کراوە.




