رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو جامی سوپەری ئەورووپا بەڕێوەدەچێت، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی ئاستۆن ڤیلای ئینگلیزی یاریی دەکات.
یارییەکە کاژێر 22:00 لە سالزبۆرگی نەمسا دەکرێت، یانە فەرەنسییەکە بەسەرکردایەتیی لویس ئێنریکێ، دەیەوێت بەبردنەوەی نازناوێکی دیکەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێ و تیپەکەی بۆ ئەم یارییە سەرنجڕاکێشەی ئەورووپا ئامادەیە.
شەوی سێشەممە یانەی پاریس سانجێرمان دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە گرنگە ئەنجامدا، برادلی بارکۆلا، بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقەکاندا کرد و بۆ یارییەکە ئامادەیە، لەکاتێکدا دەنگۆی زۆر لەبارەی رۆیشتنی لە یانەکە بڵاوکراونەتەوە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە لوکا دین، بەرگریکاری فەرەنسی لە ئاستۆن ڤیلاوە چووە یانەی پاریس سانجێرمان و ئەگەر ئەمشەو یاریی بکات، رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.
پاریس سانجێرمان، پاڵەوانی وەرزی رابردووی جامی سوپەری ئەورووپایە، کاتێک بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە یانەی تۆتێنهامی بردەوە، ئەمشەویش بەرامبەر یانەیەکی دیکەی ئینگلیزی یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی جامەکە.
یانەی ئاستۆن ڤیلای ئینگلیزی، بەسەرکردایەتیی ئونای ئێمری، خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە و دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە دوای 44 ساڵ جامی سوپەری ئەورووپا بباتەوە.
یانەی ئاستۆن ڤیلا، وەرزی رابردوو نازناوی یۆرۆپالیگی بردەوە و لە دوای ساڵی 1982ـەوە یەکەم نازناوی ئەورووپیی بەدەستهێنا، بەو شێوەیە گەیشتە جامی سوپەری ئەورووپا و سەرکەوتنیشی بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی نوێ مسۆگەرکرد.
دوای بردنەوەی ئەو نازناوە، لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یانەکە دەستبەرداری سێ لە دیارترین یاریزانەکانی بوو، مۆگان رۆجەرز، یوری تێلیمانس و لوکا دین لە ریزەکانی ئەو یانەیە رۆیشتن.
جگە لە رۆیشتنی ئەو یاریزانانە ئەمشەو هەریە لە ئۆلی واتکینز، ئێزری کۆنسا و ئێمیلیانۆ مارتینێز، بەهۆی پشووی دوای مۆندیالەوە ناتوانن بەشداری لە یارییەکەدا بکەن.
ئونای ئێمری، پێشتر راهێنەری پاریس سانجێرمان بووە، بەرامبەر تیپەکەی پێشووی بەدوای بردنەوەی دەستکەوتێکی دیکەی ئەورووپیدا دەگەڕێت بۆ ئاستۆن ڤیلا، لەکاتێکدا پێشتر سێجار جامی سوپەری ئەورووپای ئەنجامداوە و هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە.




