رووداو دیجیتاڵ
فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەنووسی ئیتاڵی، هەواڵێکی خۆشی لەبارەی رۆدری، کاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئەستێرەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بە هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا بەخشی.
یاریزانە نێودەوڵەتییە ئیسپانییەکە کە تەمەنی 30 ساڵە، بە شێوەیەکی فەرمی کارگێڕیی مانچێستەر سیتی لە ئارەزووی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا لەم هاوینەدا ئاگادارکردووەتەوە؛ ئەمەش بژاردەکانی بەردەم یانەکەی کەمکردووەتەوە و باڵادەستییەکی روونی بەخشیوەتە یانە کەتەلۆنییەکە لە دانوستاندنەکاندا.
دەستەوارەی یەکەمی دەستەی کارگێڕیی بلۆگرانا بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ وەک بڕی جێگیر، لەگەڵ 15 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک پاداشتی پەیوەست بە ئاستی یاریزانەکە لەخۆگرتبوو.
سەرەڕای رەتکردنەوەی پێشنیازە 50 ملیۆنییەکە لەلایەن کارگێڕیی سیتییەوە، بەڵام دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان هەردوو یانە نەک نەوەستاون، بەڵکو گەرمتر بوون.
بەرزکردنەوەی بەهای دەستەوارەی دووەم
فابریزیۆ رۆمانۆ ئاشکرای کرد کە بارسێلۆنا خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشکەشکردنی دەستەوارەییەکی باشترکراو بە مانچێستەر سیتی بۆ گواستنەوەی رۆدری ناوەڕاستکار، ئەوەش دوای ئەوەی یاریزانەکە هەڵوێستی کۆتایی خۆی لەسەر داهاتووی راگەیاند.
رۆمانۆ لە پەخشی راستەوخۆیدا لە رێگەی یوتیوبەوە گوتی " بارسێلۆنا دوای رەتکردنەوەی دەستەوارە فەرمییەکەی یەکەمی لەلایەن مانچێستەر سیتییەوە، ئامادەیە لەسەر پێشکەشکردنی گرێبەستێکی نوێ".
روونیشی کردەوە،" بارسێلۆنا دەستەوارەکەی بۆ 60 ملیۆن یۆرۆ بەرز دەکاتەوە، کە ئەگەری زۆرە کارگێڕیی سیتی رەزامەندی لەسەر بدات".
هەروەها گوتی"مانچێستەر سیتی خۆی لە هەڵوێستێکی سەختی دانوستاندندا دەبینێتەوە، چونکە رۆدری بە شێوەیەکی فەرمی پێی ناوەتە 12 مانگی کۆتایی گرێبەستەکەی، ئەمەش واتە پێویستە لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە بیفرۆشێت، ئەگەرنا هاوینی داهاتوو بەخۆڕایی لەدەستی دەدات.
متمانەیەکی بەرز لە کامپ نو
لە پشتی پەردەوە، دەستەی کارگێڕیی بارسێلۆنا هیچ گومانێکیان لە ئەنجامی کۆتایی ئەم گواستنەوەیە نییە، بەرپرسە باڵاکانی یانەکە پێیان وایە یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکە تەنیا لەسەر کات وەستاوە.
بەشی وەرزشی یانەکە بە سەرکردایەتی دیکۆ، ئێستا کار لەسەر دیاریکردنی بڕی کۆتایی گرێبەستەکە دەکات تاوەکو بگەڕێن بەدوای چارەسەرێکی ناوەنددا کە رەزامەندی داواکارییەکانی مانچێستەر سیتی بەدەستبهێنێت.
متمانەی گەورەی یانەکە لە هەڵوێستی سوور و بڕیاردەری رۆدرییەوە سەرچاوە دەگرێت، لە بەرامبەردا کارگێڕیی یانەکە رەزامەندی دەدات لەسەر رۆشتنی فێران تورێس بۆ پاریس سانجێرمان.




