رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی کۆتایی خولی باسکەی عێراق دەستپێدەکەن، ئەمڕۆ لە یەکەم یاریی قۆناخی کۆتاییدا. یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی دیفاع جەوی یاریی دەکات.
یارییەکە کاژێر 19:00 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، هەردوو تیپ پێنج یاریی بەرامبەر یەکدی ئەنجامدەدەن، ئەوەی سێ یاریی بباتەوە، دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی باسکەی یانەکانی عێراق.
زاخۆ یەکەمجارە دەگاتە یاریی کۆتایی و لەبەردەم هەڵێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی دەستکەوتێکی مێژوویی بباتەوە، بۆ ئەوەش دەیەوێت لە هەنگاوی یەکەمدا بە ئەنجامێکی باشەوە لە یاریگا بێتە دەرەوە.
بۆ بەهێزکردنی تیپەکەی، چەند رۆژێک لەمەوبەر یانەی زاخۆ گرێبەستی لەگەڵ تۆنی کریسوێلی ئەمریکی واژۆکرد، کە لە ئەمریکا، ئەرجەنتین، بەرازیل، ئەڵمانیا و لوبنان یارییکردووە.
چاوەڕواندەکرێت ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی زاخۆ بچنە بەغدا بۆ ئەوەی لە یاریگادا پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن.
ئەوەی لە تیپی باسکەی یانەی زاخۆدا سەرنجڕاکێشە، زۆربەی یاریزانەکانی کوردن و خەڵکی زاخۆن.




