رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بەنهێنی کار بۆ گرێبەستەکانی ئەم هاوینەی دەکات و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش نهێنی مانەوەی دیکۆ لە بارسێلۆنا ئاشکرا دەکەن.
یانەی بارسێلۆنا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی رۆدری، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی ئیسپانیای چڕکردووەتەوە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێ بە ئاستێکی بەرزترەوە دەربکەوێت و لەسەر ئاستی ئەورووپا رکابەریی بکات.
لە ماوەی رابردوودا، دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا لە شارەکە مابووەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کەس نەیدەزانی هۆکاری مانەوەی دیکۆ لە بارسێلۆنا چییە، بەڵام بابەتەکە بە رێکەوت نەبووە، چونکە ئەو کاتەکانی تەرخانکردبوو بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی گرنگ و یەکلاکەرەوە بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکانی بارسێلۆنا ئەنجامبدات، کە رەنگە ئەو کۆبوونەوانە ئاراستەی گواستنەوەکانی یانەکە بگۆڕێت.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "دوای ئەوە دیکۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ کەسە نزیکەکانی رۆدری ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی هەلی گواستنەوەی یاریزانەکە و نرخەکەی بکەن، دوای ئەوە بارسێلۆنا بڕیارییداوە بچێتە نێو رکابەریی گواستنەوەی ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە."
جگە لەوەش دیکۆ کاریکردووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ یاریزانەکە کۆببێتەوە و گوێ لە داواکارییەکانی بگرێت.
لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێن "بارسا گەشبینە بەوەی لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا گرێبەستی رۆدری بۆ گواستنەوەی بۆ یانەکەی تەواو بکات، بۆ ئەوەش ئامادەیە دەستەوارەیەک کە جێگەی رەزامەندیی مانچێستەر سیتی بێت، پێشکێشی ئەو یانەیە بکات."
رۆدری دوای ئەوەی لەگەڵ ئیسپانیا نازناوی جامی جیهانی بردەوە، ئامانجی یانەی ریال مەدرید بوو، بەڵام یانەکە ئامادەنەبوو پارەیەکی زۆر بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بدات، بۆیە بارسێلۆنا هاتە نێو رکابەرییەکە و ئەو یاریزانە ئێستا نزیکە لە بلاوگرانا.



