رووداو دیجیتال
بەهای بازاڕیی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق زیادی کردووە، دوای ئەوەی گواستنەوەی یاریزانان بە ئامانجی بەهێزکردنی پێکهاتەکانیان لەگەڵ یاریزانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی 2026-2027 بەردەوامە.
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی 14ـی ئەم مانگە دەستپێدەکەن، یانەی زاخۆ خاوەن گرانترین یاریزانی خولەکەیە کە ئاکام هاشمە، ئەو ئەستێرە کوردە بووە خاوەن گرانترین گرێبەست لە مێژووی خولەکەدا کە نرخەکەی ملیارێک و پێنج سەت ملیۆن دینارە. دوای ئەو ئیبراهیم بایش، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق دێت، کە دووەم گرانترین یاریزانە بۆ وەرزی نوێ بەبڕی ملیارێک و سێسەت و پەنجا ملیۆن دینار بۆ یانەی هەولێر دەکات.
لەڕووی بەهای بازاڕییەوە یانەی زاخۆ بەکۆی گشتی 7.93 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی یەکەمی یانەکانی عێراقدایە، سوورپۆشانی خابوور پارەیەکی باشی دارایی خەرجکردووە لە کۆکردنەوەی ئەستێرەکان، هەریەک لە شێرزوود تێمیرۆڤ، گۆڵکاری وەرزی رابردووی خولەکە و هاڕوون ئەحمەد، مایسترۆی هێڵی ناوەڕاست، هاوشانی شێرکۆ کەریم و ئەمجەد عەتوان دەبنە تیپێکی رکابەر لە خولەکەدا.
یانەی گەرمە بڕی 7.73 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە لە پلەی دووەمە، گەرمە وەرزی رابردوو لە پلەی دووەمە، ئەمساڵ موئمین سلێمانی راهێنەری میسری هێناوە و بەشێکی زۆری یاریزانەکانی وەرزی رابردووی هێشتووەتەوە، دیارترین گرێبەستیان لەگەڵ فەهد تاڵبی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق و یوسف ئالوسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئوردنە.
عەلی مەنسووڕیان، راهێنەری یانەی تەڵەبە، کە ساڵانێکی زۆر راهێنەری یانە گەورەکانی ئێران بووە، لەبارەی وەرزی نوێ بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئەمساڵ خولەکە زۆر قورسە، بەتایبەت یانەکانی کوردستان پارەیەکی زۆرییان خەرجکردووە، یانەی دهۆک و زاخۆ زۆر بەهێزن، زاخۆ بەهۆی کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەستێرە و دهۆک بەهۆی بوونی یەحیا گوڵ محەممەدی راهێنەری بەنێوبانگی ئێران کە پێموایە تیپی زۆر رکابەر دەبن لە خولەکەدا".
ریزبەندیی بەهای بازاڕیی یانەکانی دیکە بەمشێوەیە:
یانەی شورتە 6.53 ملیۆن یۆرۆ.
یانەی دهۆک 6.40 ملیۆن یۆرۆ.
یانەی هەولێریش 6.38 ملیۆن یۆرۆ.
یانەی جەوییە 6.30 ملیۆن یۆرۆ.
یانەکانی زەورا و تەڵەبە هەریەکەیان 5.65 ملیۆن یۆرۆ.
یانەی نەورۆز 5.23 ملیۆن یۆرۆ.
موسڵ بە 4.83 ملیۆن.
دیالەش بە 4.25 ملیۆن یۆرۆ.
یانەی مینا 4.23 ملیۆن یۆرۆ.
کەرخ 4.03 ملیۆن یۆرۆ.
نەفت 3.63 ملیۆن یۆرۆ.
غەراف 3.60 ملیۆن یۆرۆ.
نەفتی میسان 3.45 ملیۆن یۆرۆ.
کارەبا 3.38 ملیۆن یۆرۆ.
جۆلان 2.75 ملیۆن یۆرۆ.
گازی باکوور 1.50 ملیۆن یۆرۆ.
یانەی کەربەلا کەمترین بەهای بازاڕی لەنێو یانەکانی خولەکەدا تۆمارکرد کە 225 هەزار یۆرۆ بوو.




