رووداو دیجیتاڵ
لویس فیگۆ، ئەفسانەی تۆپی پێی پۆرتوگال، هێرشێکی تووند دەکاتە سەر جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکات. فیگۆ دەڵێت "ئینفانتینۆ نزمترین و خۆپەرستانەترین رەفتاری هەیە کە تاوەکو ئێستا لە جیهانی تۆپی پێدا بینیبێتی".
لویس فیگۆ، کە یەکەم ئەستێرەی دیاری جیهانییە بەئاشکرا داوای رۆیشتنی ئینفانتینۆ بکات، رایگەیاند، سەرۆکی ئێستای فیفا بە زنجیرەیەک 'پێشێلکاری و فێڵکردن' ناوبانگی تۆپی پێی لەکەدار کردووە و شێوازی بەڕێوەبردنی فیفای لە سەردەمی ئەودا بە 'رەفتاری چەتەگەری' وەسف کرد.
فیگۆ، کە لەساڵی 2015 بەربژێری سەرۆکایەتیی فیفا بوو و دواتر بۆ پشتگیریکردنی ئینفانتینۆ کشایەوە، ئێستا دەڵێت "ئەو کەسەی هەوڵ دەدات گۆڕانکاریی گەورە لە مۆندیالدا بکات تەنیا بۆ ئەوەی خۆی و هاوڕێکانی دەوڵەمەند بکات، پاشماوەی رابردووی یارییەکەیە و هیچ شوێنێکی لە داهاتوودا نییە".
کارێکی 30 ملیۆن دۆلاری لە واشنتن
ئەستێرەکەی پێشووی ریال مەدرید و بارسێلۆنا، ئینفانتینۆی تۆمەتبار کرد بەوەی پلانی هەبووە پشکی وەبەرهێنان لە مۆندیالەکاندا بفرۆشێت و لە بەرامبەر رادەستکردنی مافەکانی پاڵەوانێتییەکە بە کەسە نزیکەکانی لە واشنتن، پۆستێکی بە مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن دۆلار دەستبکەوێت.
فیگۆ دەشڵێت "هیچ شتێک سەرسامم ناکات؛ لە هەڵوەشاندنەوەی سزاکانەوە تاوەکو گۆڕینی یاسای یارییەکە تەنیا بۆ رازیکردنی هاوڕێکانی و ئەنجامدانی نمایش لەنێوان گێمەکاندا، ئینفانتینۆ هەموو سنوورێکی بەزاندووە".
گوشار بۆ سەر یەکێتییەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فیگۆ ئاماژەی بە لێدوانەکانی شازادە عەلی بن حوسێن، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئوردن کرد، کە باسی لە گوشارەکانی بەرپرسانی فیفا کردبوو بۆ سەر یەکێتییە نیشتمانییەکان تاوەکو بە زۆر نامەی پشتگیری بۆ مانەوەی ئینفانتینۆ واژۆ بکەن.
لویس فیگۆ لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "ئینفانتینۆ درۆی کرد و فێڵی کرد، بەرژەوەندی کەسیی خستە پێش یارییەکەوە. ئێستا کات درەنگە بۆ رزگارکردنی کەرامەتی خۆی، بەڵام درەنگ نییە بۆ رزگارکردنی تۆپی پێ؛ پێویستە هەر ئێستا بڕوات".
کۆبوونەوەی نائاسایی لە مەغریب
ئەم هێرشە تووندەی فیگۆ لەکاتێکدایە، جیانی ئینفانتینۆ لە ریباتی پایتەختی مەغریب کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدات بۆ پاراستنی پێگەکەی، دوای ئەوەی پڕۆژە نوێیەکەی بەناوی FIFA Forward Enterprise بۆ بازرگانیکردن بە مۆندیالەوە، لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا و چەندین لایەنی دیکەوە رەتکرایەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، تەنانەت نزیکترین کەسەکانی ئینفانتینۆش پشتیان تێکردووە، لەوانە ئارسین ڤینگەر، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی تۆپی پێی جیهان و ماتیاس گرافسترۆم، سکرتێری گشتیی فیفا، کە خۆیان لە پڕۆژە نوێیەکانی سەرۆکی ەێکخراوەکە بەدوور گرتووە.




