رووداو دیجیتاڵ
لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتیی یانەی میلان دڵخۆشی خۆی بە مانەوە لە ریزی یانە ئیتاڵییەکە بۆ وەرزێکی دیکە پێشاندا. مۆدریچ رایدەگەیەنێت دوای دڵنیابوونەوە لە توانای جەستەیی و دەروونی، بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی داوە.
ئەم یاریزانە تەمەن 40 ساڵە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 لەگەڵ رۆسۆنێری درێژکردووەتەوە. مۆدریچ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای ئیتاڵیا گوتی "زۆر دڵخۆشم بە بەردەوامبوونم، چونکە ساڵی رابردوو چێژم لە یاریکردن بینی، بەڵام بەداخەوە وەرزەکەمان بەباشی کۆتایی پێنەهێنا و نەگەیشتینە چامپیۆنزلیگ، ئەمەش کەمێک بێئومێدکەر بوو".
مۆدریچ ئاماژەی بەوە کرد هاندەران و یانەکە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ ئەو هەبووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بووە بۆ مانەوەی. ئەستێرە کرواتییەکە باسی لەوە کرد هێشتا هەمان حەز و خولیای جارانی هەیە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە چێژوەرگرتن لە تۆپی پێ.
سەبارەت بە دواخستنی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، مۆدریچ روونیکردەوە ویستوویەتی سەرەتا گوێ بۆ جەستەی خۆی بگرێت و بزانێت هێشتا توانای پێشکێشکردنی باشترین ئاستی هەیە یان نا. ناوبراو گوتی "پێویست بوو لە بارودۆخی خۆم تێبگەم و بزانم هێشتا ئەو جۆش و خرۆشەم ماوە، لە کۆتاییدا وەڵامەکان وەک چاوەڕوانیم دەکرد بوون".
ئەو یاریزانە جەختی لەوە کردەوە خەونی سەرەکی بردنەوەی نازناوەکانە بە درێسی میلان و گوتی "بۆ کات بەسەربردن نەهاتوومەتە ئێرە و دەمەوێت نازناوی سێری ئا یان هەر نازناوێکی دیکە لەگەڵ یانەکە بەدەستبهێنم".
لوکا مۆدریچ ساڵی رابردوو پەیوەندی بە یانەی میلانەوە کرد و بووە یەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی ناوەڕاستی یانەکە. میلان هەوڵدەدات بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەم ئەستێرەیە، لە وەرزی داهاتوودا بگەڕێتەوە ناو کێبڕکێی نازناوەکان و بەدەستهێنانی کورسییەکی چامپیۆنزلیگ.




