رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی کاروانی یارییکردنەکەی دەباتە تورکیا و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ترابزۆن سپۆری تورکییەوە دەکات.
یانەی ترابزۆن سپۆری تورکیا، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، ئاگادارییەک بۆ هاندەرانی گەورەی ترابزۆنسپۆر، یاریزانی پیشەگەر محەمەد سەڵاح کە دەستمان بە دانوستانەکانی گواستنەوەی کردووە، رۆژی چوارشەممە کاژێر 12:00 لە تێرمیناڵی فڕۆکەوانی گشتیی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئەستەنبوڵ دەبێت."
یانەکە زیاتر نووسیوویەتی "بڕیارە یاریزانەکە لە ئێوارەی هەمان رۆژدا بگاتە شاری ترابزۆن. سەبارەت بە کات و وردەکارییەکانی دیکەی بەرنامەی پێشوازیکردن لە ترابزۆن، لە ماوەی رۆژدا لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی پەیوەندیی یانەکەمانەوە بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە."
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، محەممەد گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت و مووچەی ساڵانەی لەو یانەیەدا 17 ملیۆن یۆرۆیە.
سەڵاح لە هاوینی ئەمساڵ دوای کۆتاییهاتنی وەرز ماڵئاوایی لە یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی کرد و دوای 9 ساڵ یارییکردن لە ریزەکانی ئەو یانەیە ماڵئاوایی لە ئانفێڵد کرد و کاروانەکەی لە پرێمەرلیگەوە دەباتە تورکیا.
رۆژی 30ـی ئەم لە رکابەرییەکانی خولی تورکیادا، یانەی ترابزۆن سپۆر بەرامبەر یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان یاریی دەکات و یارییەکە لە ئامەد بەڕێوەدەچێت، ئەگەر سەڵاح بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەبێت لە یاریگای ئامەدسپۆر دەبێت و رووبەڕووی یانەکەی باکووری کوردستان دەبێتەوە.



