رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئیسپانیا جامی جیهانی 2026ـی بەرزکردەوە، ئێستا چاوەکان لەسەر خەڵاتی باڵۆندۆرن. کێبڕکێی ئەمساڵ بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر بەکراوەیی ماوەتەوە و هەریەکە لە هاری کەین، رۆدری، لامین یامال، کیلیان ئێمباپێ و لیۆنێل مێسی، دیارترین بەربژێرەکانن.
هەموو یاریزانێک خەون بەم خەڵاتە تاکەکەسییە دەبینێت، کە زۆرجار دەبێتە گەورەترین پاڵنەر بۆیان، بەڵام هەندێکجاریش کاریگەری نەرێنی لێدەکەوێتەوە؛ وەک ئەوەی لە ساڵی 2024 بەسەر ڤینیسیۆس جونیۆردا هات دوای لەدەستدانی خەڵاتەکە. بڕیارە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی فرانس فۆتبۆڵ لە 26ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە لەندەن بەڕێوەبچێت.
هاری کەین؛ ئامێرێکی گۆڵ تۆمارکردن لە باڤاریا
هاری کەین وەرزێکی ئەفسانەیی بەڕێکرد؛ لە 64 یاریدا بۆ یانەکەی و هەڵبژاردەکەی 73 گۆڵی تۆمارکردووە. ئەمە دووەم بەرزترین رێژەی گۆڵە لە مێژوودا لە یەک وەرزدا، دوای ریکۆردەکەی مێسی لە ساڵی 2012.
کەین لە تەمەنی 33 ساڵیدا گەیشتووەتە لووتکەی ئاستی؛ ئەو لەگەڵ بایرن میونشن کۆتایی بە ساڵانی وشکەساڵی هێنا و نازناوی خولی ئەڵمانی، جامی ئەڵمانیا و سوپەری ئەڵمانیای بردەوە. هەرچەندە ئینگلتەرا مۆندیالی نەبردەوە، بەڵام کەین بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ بووە گۆڵکاری مێژوویی وڵاتەکەی لە مۆندیالەکاندا.
لامین یامال؛ گەنجترین ئەفسانەی مێژوو
ئەستێرە تاقانەکەی بارسێلۆنا، لامین یامال، جیهانی سەرسام کردووە. ئەو بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا پێش تەمەنی 20 ساڵی بگاتە یاریی کۆتایی یۆرۆ و مۆندیال و هەردووکیشیان بباتەوە.
یامال لە مۆندیالدا کارەکتەرێکی بێ وێنە بوو؛ لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر ئەرجەنتین و لە پێش کۆتاییدا بەرامبەر فەرەنسا درەوشایەوە. ئەو لەگەڵ بارسێلۆناش 24 گۆڵ و 18 ئەسیستی هەبوو و نازناوی لالیگا و سوپەری ئیسپانیای بردەوە. جۆ هارت، گۆڵپارێزی پێشووی ئینگلتەرا دەڵێت "یامال لە 19 ساڵیدا تۆپی پێی تەواو کردووە!".
رۆدری؛ ئەندازیارە مێژووییەکە
رۆدری، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی، بووە چوارەم یاریزان لە مێژوودا کە بتوانێت چوار نازناوە گەورەکە (مۆندیال، یۆرۆ، چامپیۆنزلیگ و باڵۆندۆر) کۆبکاتەوە.
دوای ئەوەی لە پێکانێکی سەخت گەڕایەوە، پێپ گواردیۆلا گوتی "رۆدری راستەقینە لە مۆندیالدا دەبینن". رۆدری جارێکی دیکە سەلماندی کە مۆتۆڕی راستەقینەی ئیسپانیا و سیتییە و چانسی زۆرە بۆ ئەوەی بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک خەڵاتەکە بباتەوە.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا دەنگدەران دەچنە پاڵ ئامارە ترسناکەکانی هاری کەین، یان مێژووسازییەکەی لامین یامال، و یانیش سەقامگیرییەکەی رۆدری؟ لەندەن لە 26ـی ئۆکتۆبەر وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.
رۆدری.. دڵە لێدەرەکەی ماتادۆرەکان
وەک چۆن پێپ گواردیۆلا پێشبینی کردبوو، رۆدری لە مۆندیالی 2026ـدا سەلماندی کە 'دڵە لێدەرەکەی' پێکهاتەی ئیسپانیایە. ئەو نەک هەر کۆنتڕۆڵی ناوەڕاستی یاریگەی کردبوو، بەڵکو ببووە دیوارێکی پۆڵایین لەبەردەم بەرگریکارانی وڵاتەکەی؛ بەجۆرێک ئیسپانیا لە 8 یاریدا تەنیا یەک گۆڵی لێکرا.
ئامارەکانی رۆدری لەم مۆندیالەدا 'سەرسوڕهێنەرن' ئەو 756 پاسی دروستی داوە، کە زۆرترینە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا. لە یاریی کۆتاییشدا بەرامبەر ئەرجەنتین، بە تەنیا 101 پاسی دا و هێندە هێڵی ناوەڕاستی تووندکردبوو، رێگەی نەدا یاریزانانی تانگۆ تەنانەت یەک تۆپیش ئاراستەی گۆڵ بکەن. رۆدری ئێستا چووە پاڵ لیستی ئەفسانەکانی وەک (گێرد مۆلەر، بێکنباوەر و زێدان) وەک چوارەم یاریزان لە مێژوودا کە مۆندیال، یۆرۆ، چامپیۆنزلیگ و باڵۆندۆری بەیەکەوە بردبێتەوە.
کیلیان ئێمباپێ؛ گۆڵکاری بێ نازناو
کیلیان ئێمباپێ کێبڕکێیەکی تووندی لەگەڵ مێسی هاوڕێی پێشووی کرد بۆ بردنەوەی گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال. ئێمباپێ توانی ببێتە یەکەم یاریزان لە مێژوودا دوو جار خەڵاتی 'پێڵاوی زێڕین' بباتەوە. ئەو ئێستا بە 22 گۆڵ، پێش مێسی کەوتووە و گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالەکانە.
سەرەڕای ئەوەی لەسەر ئاستی تاکەکەسی 'بێ وێنە' بوو و 42 گۆڵی لە 44 یاریدا بۆ یانەکەی تۆمارکرد، بەڵام ئێمباپێ وەرزی رابردوو نەیتوانی چامپیۆنزلیگ و لالیگا بباتەوە. خۆیشی دەڵێت "پێم باشتر بوو گۆڵکار نەبایەم، بەڵام یاریی کۆتاییم بکردایە." ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا تەنیا گۆڵەکان بەسەن بۆ ئەوەی مباپێ ببێتە خاوەنی باڵۆندۆر؟
لیۆنێل مێسی؛ کۆتاییەکی خەمناک بۆ ئەفسانەیەک
دیمەنی دانیشتنی لیۆنێل مێسی بە پێی پەتی لە ناوەڕاستی یاریگەی کۆتایی مۆندیالدا، لە کاتێکدا ئیسپانییەکان لە دەوری ئاهەنگیان دەگێڕا، دڵتەزێنترین دیمەنی ساڵ بوو. مێسی لە تەمەنی 39 ساڵیدا هەمووانی تووشی شۆک کرد؛ ئەو لە یاریی یەکەمدا 'هاتریک'ـی تۆمارکرد و تاوەکو یاریی پێش کۆتایی بەرامبەر ئینگلتەرا، یەکێک بوو لە باشترینەکانی مۆندیال.
هەرچەندە مێسی لە خولی ئەمریکی MLS یاری دەکات، بەڵام تەنیا بوونی ناوی لە لیستی بەربژێرەکاندا بۆ جاری نۆیەم، گەورەیی ئەو ئەفسانەیە دەسەلمێنێت. مێژوو دەڵێت مێسی پێشتریش سێ جار باڵۆندۆری بردووەتەوە بێ ئەوەی لەو ساڵەدا نازناوی گەورەی بردبێتەوە، بەڵام ئایا ئەمجارە تەمەن و ئەنجامی یاریی کۆتایی رێگەی پێ دەدەن؟
لەندەن لە 26ـی10ـی2026، دەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی ئەم ململانێیە مێژووییە.




