رووداو دیجیتاڵ
تەمومژێکی زۆر داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید داپۆشیوە، بەڵام نوێترین پێشهاتەکان باس لەوە دەکەن کە ڤینیسیۆس ئامادەیە 'کەمێک بێتە خوارەوە' لە داواکارییەکانی تاوەکو کۆتایی بە تەنگژەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بهێنێت.
ساڵێک و نیو تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی دانوستاندنی نێوان 'مێرەنگی' و نوێنەرانی ڤینیسیۆس، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە بۆ نوێکردنەوەی ئەو گرێبەستەی کە لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت. ئەم درێژدادڕییە وایکردووە ئارسیناڵی ئینگلیزی بە داواکارییەکی راستەوخۆی میکێل ئارتێتا، بیر لە رفاندنی ئەم گەوهەرە بەرازیلییە بکاتەوە.
کەڵێنە داراییەکە گەورەیە
رۆژنامەی زە ئەتلەتیک بڵاویکردەوە، کە هێشتا جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەوەی ریال مەدرید دەیخاتەڕوو و ئەوەی ڤینیسیۆس داوای دەکات هەیە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو خولێکی نوێی دانوستاندنەکان دەستپێبکاتەوە کە تێیدا چارەنووسی یاریزانەکە یەکلایی دەبێتەوە.
ڤینیسیۆس و سێ بژاردە سەختەکە:
1 - نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید.
2 - مانەوە تاوەکو ساڵی 2027 و رۆیشتن بەبێ بەرامبەر.
3 - گواستنەوە بۆ ئارسیناڵ لەم مێرکاتۆیەدا.
داواکارییەکانی ڤینیسیۆس؛ 30 ملیۆن یۆرۆ و دیارییەک
ئەستێرەکەی سێلیساو داوای پاکێجێکی دارایی دەکات کە ساڵانە دەگاتە نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ. ئەم بڕە تەنیا مووچەی بنەڕەتی نییە، بەڵکو پاداشتی ئاست و 'پاداشتێکی تایبەت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە' لەخۆدەگرێت، کە ئەمەی دواییان شتێکی بێ وێنەیە لە مێژووی ریال مەدریددا.
گرێی ئێمباپێ!
بۆچی ڤینیسیۆس داوای ئەم پاداشتە دەکات؟ چونکە ئەو خۆی بە کیلیان ئێمباپێ بەراورد دەکات. ئێمباپێ مووچەیەکی هاوشێوەی ڤینیسیۆس وەردەگرێت، بەڵام کاتێک بەخۆڕایی لە پاریسەوە هات، پاداشتێکی خەیاڵیی وەرگرت. ڤینیسیۆسیش پێیوایە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی شایستەی پاداشتێکی هاوشێوەیە.
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا بەتووندی ئەمەی رەتکردووەتەوە، چونکە دەترسێت ببێتە نەریتێک و لە داهاتوودا هەموو ئەستێرەکانی تیپی یەکەم لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیاندا داوای پاداشتی ملیۆنی بکەن.
هەواڵە خۆشەکە بۆ مەدریدییەکان
سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە، سەرچاوە نزیکەکان باس لەوە دەکەن کە ڤینیسیۆس نایەوێت مەدرید جێبهێڵێت. ئەو ئامادەیە پاشەکشە لە بەشێک لە داواکارییە داراییەکانی بکات، تەنیا بۆ ئەوەی بگاتە رێککەوتن و لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بمێنێتەوە. هەفتەی داهاتوو دەبێتە کاتی 'یان نوێکردنەوە یان ماڵئاوایی'.




