رووداو دیجیتاڵ
هێڵی بەرگریی یانەی ریال مەدرید هێشتا لەنێو قەیرانی پێکانەکاندا دەتلێتەوە، کە لە دوو وەرزی رابردووەوە بەرۆکی گرتووە. ئەمە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پۆرتوگالی خستووەتە دۆخێکی زۆر سەختەوە، بەجۆرێک بۆ یەکەم یاریی دۆستانە بەرامبەر فیۆرێنتینا، هیچ بەرگریکارێکی دڵی بەرگری تیپی یەکەمی لەبەردەستدا نییە.
قەیرانێک کە کۆتایی نایەت
دڵی بەرگری بووەتە گەورەترین خاڵی لاوازی ریال مەدرید. ئەم دۆخە لە وەرزی 2024-2025ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک یانەکە سێ لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەرگریی لەدەستدا.
سەرەتا ئێدێر میلیتاو بووە قوربانیی پچڕانی خاچەبەستەر، دواتریش دەیڤید ئالابا و ئەنتۆنیۆ رودیگێر بەهۆی پێکان لە کڕکڕاگەی ئەژنۆیاندا بۆ ماوەیەکی درێژ دوورکەوتنەوە. ئەم دۆخە وایکرد کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری پێشووی یانەکە، پەنا بۆ چارەسەری کاتی ببات و چوامینی لەو پۆستەدا یاری پێ بکات، یان یاریزانانی وەک راول ئاسێنسیۆ و جاکۆبۆ رامۆن لە تیپی لاوانەوە سەربخات.
سیستمی پزیشکییش فریایان نەکەوت سەرەڕای گۆڕانکاری لە تیمی پزیشکیدا و هێنانی نیکۆ میهیچ وەک سەرپەرشتیاری نوێ، بەڵام نەفرەتی پێکانەکان بەردەوام بوو.
میلیتاو دووبارە تووشی پچڕانی ماسوولکەی ران بووەوە، ئالاباش زنجیرەیەک پاشەکشەی تەندروستیی هەبوو. رودیگێریش بەهۆی ئازاری ئەژنۆوە ناچاربوو گەشت بۆ لەندەن بکات تاوەکو لەژێر سەرپەرشتی پزیشکی تایبەتدا چارەسەر وەربگرێت. تەنانەت دین هاوسنی
یاریزانی نوێی یانەکەش لە یەکەم وەرزیدا 13 یاریی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا.
مۆرینیۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی بێ بەرگری!
ئەم دۆخە تارماییەکی تاریکی خستووەتە سەر پڕۆژە نوێیەکەی مۆرینیۆ. پێش یارییەکەی فیۆرێنتینا، لیستی پێکانەکان بەم شێوەیەیە:
- هاوسن: بەهۆی ئازاری جەستەییەوە لە مەدرید ماوەتەوە.
- راول ئاسێنسیۆ: تووشی پێکانێکی سەخت بووە و 4 بۆ 6 هەفتە دوور دەکەوێتەوە.
- ئیبراهیما کۆناتێ: هێشتا لە پشووی دوای مۆندیالدایە.
- رودیگێر: تازە گەڕاوەتەوە و پێویستی بە کاتە بۆ ئامادەبوون.
- میلیتاو: هێشتا لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە و چەند مانگێکی دیکەی دەوێت.
چارەسەرە کاتتییەکە و داواکارییەکەی مۆرینیۆ
مۆرینیۆ ناچارە پەنا بباتە بەر دوو یاریزانی لاو 'لامینی فاتی و خوان مارتینێز' بۆ پاراستنی هێڵی بەرگری. بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا، مۆرینیۆ بەڕاشکاوی داوای لە کارگێڕیی ریال مەدرید کردووە کە بەزووترین کات بەرگریکارێکی دڵی بەرگری ئاستبەرزبکڕن، چونکە بەبێ ئەوە ناتوانێت کێبڕکێ لەسەر نازناوەکان بکات، بەڵام کڕینی یاریزانی نوێ گرێدراوە بە فرۆشتنی یاریزانێک. لێرەدا ناوی راول ئاسێنسیۆ دێت، کە یانەکە دەیەوێت بیفرۆشێت تاوەکو شوێن بۆ بەرگریکارێکی جیهانی بکاتەوە.
مانگی ئاب بۆ بەرگریی شاهانەکان مانگی یەکلاییکەرەوە دەبێت؛ یان دەبێت قەیرانەکە کۆتایی پێ بهێنن، یان مۆرینیۆ دەبێت تەواوی وەرزەکە لەگەڵ 'مۆتەکەی پێکانەکان'ـدا بجەنگێت.




