رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بەفەرمی هەواڵی کۆچی دوایی ئەفسانەی یانەکەیان، فرانكۆ بارێزی راگەیاند . یانەکە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X خەمباریی قووڵی خۆی دەربڕی و نووسیویەتی "میلان نوقمی فرمێسک بوو بەهۆی کۆچی دوایی فرانكۆ بارێزییەوە".
بارێزی لە ساڵی 2020 وە پۆستی جێگری سەرۆکی فەخری یانەی میلانی وەرگرتبوو، وەک یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی مێژووی تۆپی پێدا دادەنرێت. ئەو ئەفسانەیە لە ساڵی 1982 نازناوی مۆندیالی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەدەستهێنا و لە مۆندیالی 1994یش گەیشتە یاریی کۆتایی.
یانەی ئەی سی میلان بەوردی هۆکاری گیانلەدەستدانی بارێزی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام لە مانگی ئابی 2025 دا نەشتەرگەرییەکی بۆ لابردنی گرێیەک لە سییەکانیدا کردبوو. دوای ماوەیەکی کەم لە نەشتەرگەرییەکە، بارێزی رایگەیاندبوو "کەمێک کاتم دەوێت تاوەکو هەموو هێزی خۆم بەدەست بهێنمەوە".
کاروانی وەرزشی
فرانكۆ بارێزی لەساڵی 1960 لە هەرێمی لۆمباردیا لەدایکبووە، لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە لاوانی میلانەوە کرد و لە ساڵی 1978، پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 18 ساڵ، گەیشتە تیپی یەکەم. لە تەمەنی 18 ساڵیدا بوو بە یاریزانی سەرەکی و لە 22 ساڵیشدا نیشانەی کاپتنی وەرگرت؛ ئەو بەهۆی تەکنیکە بەرزەکەی، توانای پێشبینیکردنی جوڵەی رکابەرەکان و لێهاتوویی لە رێگریکردن و سەرکردایەتیکردنی تیپەکەدا ناسرابوو.
بارێزی لەگەڵ هەریەکە لە پاولۆ ماڵدینی، ماورۆ تاسۆتی و ئەلیساندرۆ کۆستاکورتا، هێڵێکی بەرگریی پۆڵایینیان پێکهێنابوو کە ترس و لەرزیان خستبووە دڵی هەموو هێرشبەرانی ئەورووپا. ئەو لە ساڵی 1997 دوای ئەنجامدانی 719 یاری بە درێسی 'رۆسۆنێری' وازی لە یاریکردن هێنا، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە و تەنیا پاولۆ ماڵدینی توانیویەتی ئەو رێژەیە تێپەڕێنێت.
جگە لە درێسی سوور و رەشی میلان، بارێزی 81 جار درێسی شینی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئیتاڵیای پۆشی. هەرچەندە لە مۆندیالی 1982 وەک یەدەگ نازناوەکەی بەدەستهێنا، بەڵام لە مۆندیالی 1986 بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ راهێنەری هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە. دواتر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە نیوەی کۆتایی مۆندیالی 1990 و یاریی کۆتایی مۆندیالی 1994 خەونەکانی ئەویان بۆ بەدەستهێنانی نازناوێکی دیکەی جیهانی لەنێو برد.




