رووداو دیجیتاڵ
ئێستەر ئێکسپۆسیتۆ، کەپڵەکەی کیلیان ئێمباپێ بێدەنگییەکەی شکاند و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەبارەت بە ژیانی تایبەتی و پەیوەندیی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی بڵاوبووبوونەوە.
ئەم خانمە ئەکتەرە ئیسپانییە جەختی کردەوە کە ئەو وێنە و زانیارییانەی دەربارەی بڵاوکراونەتەوە ساختەن، و بە درۆ ناوی بردن کە ئامانج لێیان ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی ناوبانگیەتی.
ئێکسپۆسیتۆ روونیکردەوە کە هەندێک لە بڵاوکراوەکان وێنەی دروستکراوی ژیریی دەستکردیان بەکارهێناوە بۆ چەواشەکردنی خەڵک و دروستکردنی مشتومڕ دەربارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئێمباپێ.
ئەو خانمە هەڕەشە لەو کەسانە دەکات کە پێیوایە بەپلان کار بۆ ناوزڕاندنی دەکەن و رایگەیاند کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتە بەر کە بەرپرسن لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆکان، و جەختی کردەوە کە سووکایەتی و ناوزڕاندن بێ سزاو لێپرسینەوە تێپەڕ نابێت.
راگەیێندراوەکەی ئێستەر هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی دیکەی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ خانمێکی دیکەدا، کە بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆی خیانەتکردن لە هاوبەشی ژیانی.




