رووداو دیجیتاڵ
جیهانی تۆپی پێی بەرازیل تووشی شۆک بوو بە هەواڵی کۆچی دوایی تاسیو مایا دۆس سانتۆس، هێرشبەری پێشووی یانەی بوتافۆگۆ، کە لە تەمەنی 41 ساڵیدا و لە رووداوێکی دڵتەزێندا بەهۆی زریانێکی وێرانکەرەوە لە شاری ریۆ دی جانیرۆ گیانی لەدەستدا.
مردن لەژێر داروپەردوی زریاندا
رووداوەکە کاتێک روویدا کە زریانێکی بەهێز بەخێرایی 120 کم لە کاژێرێکدا شاری ریۆ دی جانیرۆی هەژاند. لە گەڕەکی سانتا تێریزا، دیوارێک بەهۆی هێزی زریانەکەوە بەسەر تاسیودا رووخا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. لەو رووداوەدا تەنیا تاسیو نەبوو، بەڵکو هاوڕێیەکی نزیکی و هاوکاری کارەکەشی بەناوی 'فاندری کۆردێرۆ' بووە قوربانی.
بوتافۆگۆ سەرەخۆشی دەکات
یانەی بوتافۆگۆ کە یەکێکە لە یانە ناودارەکانی خولی پلەیەکی بەرازیل، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا خەمباریی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: "بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی یاریزانی پێشوومان، تاسیو مایا دۆس سانتۆسمان پێگەیشت، کە لەساڵی 2015ەوە بەرگری لە رەنگەکانی یانەکەمان کردووە. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزان و هاوڕێکانی دەکەین".
کۆچەرییەکەی جیهانی تۆپی پێ
تاسیو مایا یەکێک بوو لەو یاریزانانەی بە 'کۆچەریی تۆپی پێ' دەناسرا. لە ماوەی ژیانی وەرزشییدا کە لە 2002 دەستیپێکرد و لە 2019 کۆتاییهات، یاری بۆ 27 یانەی جیاواز کردووە. لە دەرەوەی بەرازیل، لە یانەی سسکا سۆفیای بولگاری و دیپۆرتیڤۆ ساپریسای کۆستاریکی درەوشایەوە، کە لەگەڵ اینە کۆستاریکییەکە لە 19 یارییدا 5 گۆڵی تۆمارکردبوو.
ساتە کۆتاییەکان لە کۆشکێکی مێژووییدا
رووداوە تراژیدییەکە لەکاتێکدا بوو کە تاسیو لە کۆشکێکی مێژووییدا خەریکی کارکردن بوو، کە دەڕوانێتە سەر دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ریۆ وەک 'پەیکەری مەسیح'. ئەو کۆشکە زۆربەی کات بۆ ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری بەکاردەهێنرا، بەڵام ئەمجارە بووە شوێنی کۆتاییهاتنی ژیانی ئەستێرەیەکی پێشووی لاکێشە سەوزەکان.
زریانێک کە شارەکەی پەکخست
ئەو زریانەی گیانی تاسیوی کێشا، تەنیا لە ریۆ نەبوو، بەڵکو گەیشتە ساوپاولۆش و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 5 کەس. بەهۆی زریانەکەوە کارەبای زۆربەی ناوچەکان بڕا و هێڵەکانی میترۆ وەستان، ئەمەش شاری سامبای تووشی شۆک و ترسێکی گەورە کرد.
تاسیو مایا رۆیشت، بەڵام ناوەکەی وەک یاریزانێکی جەنگاوەر لە ناو یانە جیاوازەکانی بەرازیل و جیهان بەزیندوویی دەمێنێتەوە.




