رووداو دیجیتال
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی هەڵبژاردەی بەرازیل، هۆکارێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو بۆ ماڵئاوایی سێلیساو لە مۆندیالی 2026 دەخاتەڕوو و دەڵێت "پشووی ئاوخواردنەوە لە یارییەکەی نەرویج هەموو شتێکی تێکدا".
هەڵبژاردەی بەرازیل لە قۆناخی 16ـی مۆندیالی 2026، دوای شکستی بەرامبەر نەرویج بەئەنجامی 2-1 ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد، بەمەش سیناریۆی بێبەشبوونی سامبا لە نازناوەکە بەردەوام بوو، کە لەساڵی 2002ـەوە نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت.
هەڵەیەک لە کاتی تینوێتیدا!
ئەنچێلۆتی لە لێدوانێکیدا دانی بەوەدا نا، کە لە کاتی 'پشووی ئاوخواردنەوە' Water Break لە گێمی دووەمدا، خوێندنەوەی هەڵەی بۆ یارییەکە کردووە. ئەو گوتی "پێموابوو لەو ساتەدا کۆنتڕۆڵی یارییەکەمان لەدەستداوە، هەر بۆیە بڕیارم دا گۆڕانکاری بکەم، بەڵام دەرکەوت بڕیارەکە لە جێگەی خۆی نەبوو".
ئەنچێلۆتی: کارەکانمان نایاب بوون
راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی ESPN گوتی "بەگشتی، پێموایە ئەو کارەی لە ماوەی ساڵێکدا ئەنجاممان دا نایاب بوو. لەڕووی لۆجیستییەوە، هەڵبژاردەی بەرازیل زۆر رێکخراو بوو، چ لە هۆتێل، یاریگای یاری یان مەشقەکان. ئاستی یاریزانەکانیش بە درێژایی ساڵەکە ئەرێنی بوو، ئەو 26 یاریزانەشی بانگهێشت کرابوون، شیاوترین بوون بۆ مۆندیال".
پێکانەکان پلانی 'سێلیساو'ـیان شێواند
ئەنچێلۆتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە پلانە بنەرەتییەکەیان بەهۆی پێکانە زۆرەکانەوە تووشی گۆڕانکاری بووە. ئەو گوتی "لەنێوان مانگی ئادار و دەستپێکی مۆندیال، تووشی کۆمەڵێک پێکانی بێزارکەر بووین؛ میلیتاو و دۆدریگۆ پێکانەکەیان سەخت بوو، دواتر ئێستیڤاو و وێسلی، لە کاتی مۆندیالیشدا دافینیا تووشی پێکان بوو، ئەمەش وایکرد پلانەکانمان کەمێک بگۆڕدرێن".
سەرەڕای ئەم پاساوانە، هاندەرانی بەرازیل هێشتا بەئاستی تیپەکەیان و بڕیارەکانی ئەنچێلۆتی رازی نین، بەتایبەت کە خەونی شەشەم ئەستێرە جارێکی دیکە بۆ چوار ساڵی داهاتوو دواخرا.




