رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ئەورووپای ئەندام لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، بیر لە بایکۆتکردنی پاڵەوانێتییەکانی سەر بە فیفا، لە نێویاندا مۆندیال دەکەنەوە، ئەگەر جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی ئەو فیدراسیۆنە، سووربێت لەسەر جێبەجێکردنی پلانی دروستکردنی کۆمپانیایەکی بازرگانی، بۆ ئەوەی مافە بازرگانییەکانی مۆندیالی پێ بفرۆشێت.
سەرچاوەکان رایانگەیاندبوو، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا هەوڵدەدات کۆمپانیایەکی بازرگانی دروست بکات، کە سەر بە فیفا دەبێت و مافی بازرگانیی مۆندیال دەفرۆشێتەوە و بەشێکی پشکەکانی کۆمپانیاکە، بەوەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت دەفرۆشێت.
میدیاکان دەڵێن، ئەو مافە بازرگانییانەی مۆندیال کە فیفا دەیانفرۆشێت، کڕیارەکانی کەسانی نزیک لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکان و ئەوەش هەنگاوێکە کە یوفا ناویناوە، "تێپەڕاندنی هێڵی سوور".
دوای تەواوبوونی مۆندیالی ئەمساڵ بەماوەیەکی کەم، ئینفانتینۆ مشتومڕێکی گەورەی لە جیهانی تۆپی پێدا دروستکرد. بەپێی زانیارییە ئاشکراکراوەکانی هەردوو رۆژنامەی 'فاینێنشاڵ تایمز و زا تایمز'ی بەریتانی، ئینفانتینۆ هەنگاوی ناوە بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەک کە خاوەندارێتی بەشێک لە مافە بازرگانییەکانی هەریەکە لە، مۆندیال، مۆندیالی ئافرەتان و مۆندیالی یانەکان، دەکات.
هەنگاوەکەی فیفا، ناڕەزایەتی تووند و پەرچەکرداری خێرا و تووندی بەدوادا هاتووە، بەتایبەت ئەندامانی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا).
میدیای بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، یوفا هەفتەی داهاتوو، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی بەپەلە لەگەڵ ئەندامەکانی ئەنجامدەدات، بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی فیفا سوورە لەسەر ئەنجامدانی.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەورووپییەکان لە پێشنیازەکەی ئینفانتینۆ زۆر تووڕەن، پەرچەکرداریان زۆر تووند دەبێت، بۆیە پێشبینیکراوە، لە ئەگەری سووربوونی سەرۆکی فیفا لەسەر بڕیارەکانی، پەنا بۆ بایکۆتکردن و بەشدارینەکردن لە مۆندیالی داهاتوو ببەن.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئەمڕۆ ئاندی بۆرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دژایەتی خۆی بۆ پێشنیازەکەی فیفا ئاشکراکرد.




