رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، جووڵەی فەرمی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدری، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەستپێکرد.
دەستەوارەی فەرمیی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە، کە نازناوی مۆندیالی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەدەستهێنا، لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەکە، هەوڵی رازیکردنی رۆدری دەدەن بۆ مانەوە لە یانەکە، لە رێگای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کە هاوینی داهاتوو تەواو دەبێت.
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییە باوەڕپێکراوەکان، ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی، لە رێگای دانوستاندنی زارەکییە، گفتوگۆیان لەبارەی رۆدرییەوە کردووە، پاشئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید، رەزامەندی داوە بەجووڵەکردنی یانەکەی، لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە.
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، دەستەوارەی یەکەمی ریال مەدرید بۆ سیتی، 50 ملیۆن یۆرۆیە.
سەرنجی ریال مەدرید بەتەواوی چووەتە سەر رۆدری، پاشئەوەی لە مۆندیالدا ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکرد و بەباشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا.
ریال مەدرید پێیوایە رۆدری بەشێک لە کێشەکانی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە چارەسەر دەکات و جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەریش، دەتوانێت سوودی زۆر لە تواناکانی وەربگرێت. ئەمە جیا لەوەی کە ئەو یاریزانە دەتوانێت ریتمی تیپەکە لە ناوەڕاستی یاریگادا ریکبخاتەوە.
لە بەرامبەر ویستی ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە، رۆدریش لای خۆیەوە ویستی خۆی بەبەرپرسانی یانەکەی وتووە، بەوەی کە دەیەوێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی کە ئیسپانیایە و لەوێ یاریی بۆ ریال مەدرید بکات.
سەرچاوەکان دەڵێن، ریال مەدرید دەکرێ کەمێک لە بەهای دەستەوارەکەی بەرز بکاتەوە، ئەگەر مانچێستەر سیتی بڕیار بدات دەرگای دانوستاندنی فەرمی لەگەڵ ئەو یانەیە بکاتەوە.




