رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دەیەمدا، یانەی نەورۆز توانی سەرکەوتنێکی گرنگ بەدەستبهێنێت دوای ئەوەی رووبەڕووی یانەی مینا بووەوە و یارییەکەی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا.
پاڵەوانی سەرەکی ئەم یارییە یاریزان حەبیب ئەسلاتی بوو، کە توانی هەردوو گۆڵی یارییەکە بە شێوازێکی نایاب بۆ نەورۆز تۆمار بکات. گۆڵی یەکەم لە خولەکی 33ی یارییەکەدا هات، دواتر لە کاتی زیادکراوی گێمی یەکەمدا لە خولەکی 45+1 گۆڵی دووەمی بە لێدانی راستەوخۆ تۆمار کرد و پێشکەوتنی بۆ یانەکەی مسۆگەرکرد.
لە گێمی دووەمدا، یاریزانانی نەورۆز توانیان بە سەرکەوتوویی پارێزگاری لە ئەنجامەکە بکەن تاوەکو فیکەی کۆتایی یارییەکە لێدرا. بەم بردنەوەیەش، یانەی نەورۆز کۆی خاڵەکانی گەیاندە 21 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی سەرکەوت بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.



