رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی دەڵێ، یانەی ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک بیر لە دەستبەرداربوون لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر ناکاتەوە، هەربۆیە هەنگاوی خێرای بەئاراستەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ناوە.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید دەیەوێت ئەو یاریزانە لە ریزەکانیدا بهێڵێتەوە، بەتایبەت کە بەیەکێک لە ئەستێرە هەرە دیارەکانی یانەکە دادەنرێت و بۆخۆی بووەتە سەرچاوەی داهاتێکی گەورە بۆ یانەکەی.
ئەو رۆژنامەیە ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید مافی پەنجا لەسەدی مافی وێنەی ڤینیسیۆسی هەیە و ئەوەش وایکردووە، یانەکە لەو رێگایەوە، ئەو مووچەیە بەدەست بهێنێتەوە، کە ساڵانە بە یاریزانەکەی دەدات.
فیدریکۆ پینا، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای روک نیشن سپۆرتس بەرازیل، کە سەرپەرشتی لایەنی بزنس و دارایی ڤینیسیۆس دەکات، دەڵێ، "ژمارەی مارکە بازرگانییە گەورەکان کە بایەخ بە وێنەی ڤینی دەدەن، بەردەوام روو لە زیادبوونە".
ئەو دووپاتیدەکاتەوە، "ڤینی وێڕای تەمەنە بچووکەکەی، یاریزانێکی سەرەکی گەورەترین یانەی جیهانە و لە گرنگترین هەڵبژاردەی جیهانە، پێشتر دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە و ئەو کەسەیە کە بەنموونەی سەرکێشی و سەرکەوتنی وەرزشی".
وەبەرهێنانێکی سەرکەوتوو
ریال مەدرید هەوڵدەدات داهاتووی ڤینسیۆس دابین بکات. ئەو یاریزانە کە هاوینی 2017 پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، تێچووی گواستنەوەکەی لە فلامینگۆوە 45 ملیۆن یۆرۆ بوو.
گرێبەستەکە بەیەکێک لە سەرکەوتووترین گرێبەستەکانی نێو ساڵانی رابردووی هەموو جیهان دادەنرێت. ئەو یاریزانە تەمەن 25 ساڵانە تاوەکو ئێستا 375 یاریی بۆ ریال مەدرید ئەنجامداوە و 128 گۆڵی تۆمارکردووە و 85 ئەسیستی هەیە. لە هەردوو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگیشدا کە ریال مەدرید نازناوەکەی بەدەستهێناوە، گۆڵی تۆمارکردووە.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەوەی پاڵ بە ریالەوە دەنێت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە، تەنیا لایەنی وەرزشی نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ لایەنی بازرگانی و بازاڕگەری ئەو یاریزانە، کە سەرچاوەی داهاتێکی گەورەیە بۆ یانەکە.
16 سپۆنسەر
ڤینیسیۆس هێزێکی گەورەی بازاڕگەرییە، وایکردووە یەکێک بێت لەو یاریزانانەی لە مۆندیالی ئەمساڵدا، زۆرترین سپۆنسەری هەبێت.
ڤینی لە مۆندیالدا 16 سپۆنسەری هەیە، پلەی دووەمی لەسەرئاستی جیهان هەبووە بۆ خاوەنی زۆرترین سپۆنسەر و پلە یەکەم، بەدەست نەیمارەوە بووە کە 20 سپۆنسەری هەبووە. جیا لەوەش بەشی زۆری کۆمپانیا سپۆنسەرەکانی ڤینی، کۆمپانیای گەورەی جیهانی، یان کۆمپانیای فرە وڵاتن.
لەدوای چوونی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل، ڤینیسیۆس پۆستی لەسەر هەندێک لە کۆمپانیا سپۆنسەرەکانی بڵاوکردووەتەوە و زیاتر لە 100 ملیۆن بینەری هەبووە. بەپێی رۆژنامەکە ئەوە دووپاتیدەکاتەوە کە ڤینی توانایەکی گەورەی بازاڕگەری هەیە و هەر ئەوەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان، بۆ ویستی ریال مەدرید لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە.
ڤینی بۆخۆی کۆمپانیایەکە
بینا ئاشکرایکردووە، ڤینی گەیشتووەتە ئاستی کۆمپانیاکان، لەبەرئەوەی کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکانی کارەکانی، لێهاتوون. ئەو دەڵێ، "ستافەکەی ڤینی پەیکەری کۆمپانیایەکی تەواویان هەیە، چونکە لەو ستافەدا، سەرۆکی جێبەجێکار، بەڕێوەبەری دارایی، کارگێڕی، یاسایی، بازرگانی، بازاڕگەری و پەیوەندیی هەیە کە سەرپەرشتی هەموو کارەکانی دەکەن. ئەمە جیا لە دەستپێشخەریی دەیان سپۆنسەری دیکە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی و ئەو پەیمانگایەی کە پێشەنگە لە بواری شێوازەکانی فێرکردنی زووی، منداڵان و لاوان".
ئەو پەیکەرە رێکخراوەییە گەورەیە، لەگەڵ داهاتی دارایی گەورە کە ڤینیسیۆس بەهۆی وێنە بازرگانییەکەیەوە بەدەستی دەهێنێت، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی ریال گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، ئەوەش دەبێتە وەبەرهێنانێکی داهاتوویی گەورەی یانەکە بۆ مەوداری دوور.
هەڵوێستەکانی لە دژی رەگەزپەرستی
هەندێک لە پسپۆران دەڵێن، هەڵوێستەکانی ڤینیسیۆس و کارەکانی لە دژایەتیکردنی رەگەزپەرستی، کە هەموو کات بەهێز و ورد بووە، وایکردووە ئەو سەرنجڕاکێشتر بێت بۆ کۆمپانیاکان وەک گوتەبێژێک و ئەوەش بەهای بازاڕیی ئەوی زیاتر بەرزکردووەتەوە لە نێو یانەکە و دەرەوەی یانەکەشدا.
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، ریال مەدرید هیچ دوودڵییەکی لە بەرامبەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیدا نییە، بەڵکو ئەوە هەنگاوێکە کە یانەکە دەیەوێت بینێت، لەپێناو هێشتنەوەی یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی کە لە رووی بازرگانیشەوە زۆر بەبەهایە و بە وەربەرهێنانێکی سەرکەوتووی درێژە مەودا دادەنرێت.




